قوباد تاڵەبانی: پێویستە ئەولەوییەتی حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی كێشەكانیان بێت
وێستگهنیوز –
جێگری سەرۆک وەزیرانى هەرێمی كوردستان بەپێویستی دەزانێت ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانى هەرێمی كوردستان، بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و نيكۆلۆ فۆنتانا، باڵيۆزى ئيتاڵيا و محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق کۆبووەوە.
ئاماژەشیكرد، لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەمە 18ى تشرینی دووەمی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوون، تاوتوێی دۆخی عێراق لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی عێراق وەسف کرد و هیوای خواست بەپێی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاست داواکارییەکانی هاوڵاتییانی عێراقدابێت و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان تیایدا پارێزراوبێت.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە، "پێویستە ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمى كوردستان چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت بەپێی دەستور و چارەسەرکردنی کێشەکان دەرگا دەکاتەوە بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر و هەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان".
بە پێویستیشى زانی، "لایەنە کوردستانییەکان لە رێی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە لەسەر بەرنامە و پلانی هاوبەش رێکبکەون و بە یەکڕیزییەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەونە دانووستانەوە بۆ ئەوەی باشتر بتوانن داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن".
PM:07:49:18/11/2025
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت