سودانی: لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ناوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە دەستیپێکرد.


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە کۆڕبەندی مێپس راگەیاند، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ناوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق ناکەین".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە سودانی وتی، "هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنها بڕیاربدار و حکومەت پێبکهێنێت و ناشتوانین وادەیەک دیاری بکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق".

لەبارەی هەڵبژاردنەوە وتیشی، "سەرکەوتنی هەڵبژاردن دەستکەوتە بۆ دیموکراسی لە عێراق و هیچ سکاڵایەکی سوور لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانمان لەگەڵ کورسییەکانمان هاوتانین، پێویستە بە یاسا رێگە لە بەهەدەردانی دەنگی دەنگدەران بکرێت".

جەختی لەوەشکردەوە، "دەستکەوتنی هەڵبژاردن گرنگە بۆ پێدانی مافی دەستووری لایەنەکان".

لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە سوننە ڕایگەیاند "ئەو نەریتە سیاسییەی لە دوای 2003ـەوە لە عێراق هەیە بۆ دابەشکردنی پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکە بەسەر کورد، سوننە و شیعەدا، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراق بووە و ئێستا هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەهێشتنی ئەو نەریتە".

سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق باسی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کرد و ئاماژەی بەوەدا، "هەناردەکردنەوەی نەوت دەستکەوتە بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان".

سودانی دووپاتیشی کردەوە، "عێراق نابێتە گۆڕەپانی شەڕی وڵاتانی ناوچەکە"، راشیگەیاند، "رێژەی بێ کاری لە عێراق کەمبووەتەوە، نزیکەی 500 هەلی کاری نوێمان رەخساندووە".

دەشڵێت، "عێراق ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و عەرەبی و قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی و عەرەب لە عێراق دەگاتە 100 ملیار دۆلار".


AM:11:54:18/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت