مەسعود بارزانی: مایەی سەرسوڕمانە پێکەوە لە یەک وڵاتدا بین و بەردەوام کێشەمان هەبێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە دەستیپێکرد.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپش لە دهۆک رایگەیاند، "ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیوادارین بایەخ بە ئەنجامی ئەم کۆڕبەندە بدرێت".
باسی لەوەشکرد، "ئاساییە هەڵە بکرێت، بەڵام تاوانە لەسەر هەڵە بەردەوام بین، سیاسەتی خۆسەپاندن بەسەر هەموو جومگەکان سەرکەوتوو نەبووە، نە لە عێراق نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، نەوەی داهاتوو پێویستیان بەوەیە ژیانێکی خۆش و بەختەوەریان هەبێت، بۆیە نابێت ئەو کیشانەی ئێستا هەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبێڵین.".
ئاماژەی بەوەکرد، "پەیمانی سایکس بیکۆ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا هێنا، ئەم سیستەمەی لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس بیکۆ هاتە کایەوە، بەداخەوە سەقامگیریی بۆ ناوچەکە نەهێنا، گرفتی گەورەی دروست کرد، تاوەکوو ئێستاش میللەتانی ئەم ناوچەیە بەدەست ئەم پەیماننامەیەوە دەناڵێنین".
مەسعود بارزانی وتی، "مایەی سەرسوڕمانە پێکەوە لە یەک وڵاتدا بین و بەردەوام کێشەمان هەبێت، گرنگە بۆ پێکەوە ژیانی راستەقینە پێویستە پێداچوونە بە زۆر لە چەمکەکان بکەین".
وتیشی، "هیچ کاتێک سەرکردایەتی کورد دژی ئاشتی نەبووە"، راشیگەیاند، "دەستوور کێشەی تێدابوو، بەڵام لایەنە ئەرێنییەکانی زیاتر بوون، دەنگمان بە دەستووردا تاوەکو پەیوەندییەکانمان باشتر بکات، ئێمە پابەندی دەستوورین، هیوادارم لایەنەکانیش پابەندبن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە بپرسین هۆکاری ئەم کێشانە کوردە یان حکومەتی عێراقە، هەروەها کورد هەرگیز بیر لە تۆڵەکردنەوە ناکاتەوە".
سەرۆکی پارتی دەڵێت، "پێویستە مادەی 140 جێبەجێ بکرێت و یاسای نەوت و گازیش پەسەند بکرێت".
لەبارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم ئاماژەی بەوەدا، "داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەم حکومە پێکبهێنن، هیوادارم هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە پێکبهێنرێن، چونکە خەڵکی عێراق لە درووشم بێزاربوون، خەڵک کرداری دەوێت".
مەسعود بارزانی بە پێویستیشی زانی دادگای فیدراڵ بەپێی دەستوور دابمەزرێت، هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
دەشڵێت، "مادەی هۆشبەر لە مادەی تیرۆر مەترسیدارترە، هیوادارین حکومەتی داهاتوو کاربکات بۆ نەهێشتنی مادەی هۆشبەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر سزابدات".
AM:11:04:18/11/2025
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت