کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک میوانداری شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) دەکات.


کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە خۆ دەگرێت.

لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشدار دەبن.

ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ روانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی -کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو.

لە کۆڕبەندەکەدا، چەندان پانێل لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاریی ئەمنیی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و جیهان بەڕێوەدەچێت.


AM:09:36:18/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت