پەکەکە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەیەکی دیکە راگەیاند
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی (پەکەکەی پێشوو) ئاشکرایکرد، لە رۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمەوە هێزەکانیان لە ناوچەی زاپ بۆ ناوچەی گونجاو کشاندووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2025، لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر رایگەیاند، "لە بەیاننامەکەی 26ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا راگەیاندرا و بە ئامادەبوونی 25 گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا رامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر، لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ، لە ئێوارەی 16ی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەی چارەسەریەدایە کە لە تشرینی یەکەمی 2024 لە تورکیا دەستیپێکرد.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند، "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن".
AM:10:04:17/11/2025
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت