سبەی تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمارکردووە


وێستگەنیوز-

بڕیارە سبەی تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمارکردووە و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمارکردووە.


ئەمڕۆ شەممە 15ی تشرینی دووەمی 2025، کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئامادەکارییەکان بە کۆتا گەیشتوون بڕیارە سبەی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 11:00ی بەیانی تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە بکرێت کە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمارکردووە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ناو تۆمارکردن بۆ فەریزەی حەج بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچووە، لەبەر تازەیی سیستمەکە پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان و رێکارەکانی دیکە ماوەیەکی زیاتری خایاند، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشکەکە بۆ ئەمساڵ کەمێک دواکەوتووە".

‎کاروان ستونی وتی، "89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، لەبەر زۆری خواست، ئەمساڵ مەرجێک زیادکراوە ئەگەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە، هەربۆیە هەزاران ناو دەرهێنراوە و دوورخراونەتەوە".

‎وتیشی، "بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج هاوکارییەکی باشی هاوڵاتییانی کردووە و  بارگرانی کەمکردووەتە، چونکە لەم سیستمە ناو تۆمارکردن بێبەرامبەرە، بەڵام پێشووتر هەرکەسێک ناوی بۆ حەج تۆمار بکردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دیناری بدات، دواتریش ئەم بڕە کەمکرایەوە بۆ 25 هەزار دینار".


PM:08:03:15/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو