نیچیرڤان بارزانی: ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک رەتناکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوای ئەوەی لە بنکەیەکی تایبەت لە هەولێر دەنگی دا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە و دەنگدان ئەرک و ماف و ئامانەتە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە دەنگدانی تایبەت کرد و وتی، "دەنگدانی تایبەت بە ئارامی بەڕێوەچوو".
باسی لەوەشکرد، "ئەم هەڵبژاردنە یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگەکان، هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە سەرەتایەکی باش بێت بۆ عێراق".
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان کرد کە ئەرکی خۆیان بە تەواوی جێبەجێ دەکەن.
سەرۆکی هەرێم وتیشی، "عێراق لەرووی ئەمنی و ئابوورییەوە گۆڕانکارییەکی باشی بەسەردا هاتووە".
جەختی لەوەشکردەوە، "ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک رەتناکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها هەرێمی کوردستان دەبێت زۆر بە بەهێزی لە بەغدا بێت.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، "لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی دەست دەکەینەوە بە دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم".
راشیگەیاند، "لەدوای هەڵبژاردنیش دۆخەکە هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە"، ئەوەشی خستەڕوو، "عێڕاق موڵکی هەموومانە، کلیلی چارەسەری کێشەکان لە بەغدایە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان خێری هەموو عێراقمان دەوێت".
هیواشی خواست دوای هەڵبژاردن عێراقییەکان بتوانن گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵک دروستبکەن.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "ئەم سیستمەی کە ئێستا لە عێراق هەیە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی سیستمێکی دیموکراسییە، هەروەها دەبێت ئاڕاستەی عێراق بەرەو خۆشگوزەرانی بچێت".
AM:07:42:11/11/2025
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت