فایەق زێدان: دیاریكردنی رۆژی 11/11 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشێكارییەكی روونی دەستوورە
وێستگەنیوز-
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایدەگەیەنێت، دیاریكردنی رۆژی 11/11 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشێكارییەكی روونی دەستوورە، ئاماژە بەوەشدەکات، پێكهێنانی حكومەت دەبێت لەماوەی چوار مانگ لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانەوە بێت.
فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە مادەی 56 بڕگەی 2ی دەستوردا هاتووە، دەبێت هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێی نوێنەران 45 رۆژ پێش کۆتایی هاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بە سەرنجدان بەوەی کە خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی چوار ساڵی رۆژمێری بەردەوامە بەپێی مادەی 56 بڕگەی یەکەم، وادەی دەستووری بۆ هەڵبژاردن دەبوو 24ی تشرینی دووەمی 2025 بێت، بۆیە دیاریکردنی ١11ی تشرینی دووەمی 2025، وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشێلکارییەکی روونە، بەو پێیەی پاڵپشت نییە بە هیچ دەقێكی دەستووری و یان یاسایی".
ئاماژەی بەوەکرد، "بە پشتبەستن بە وادە دەستوورییەكان، کۆی ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی چوار مانگ لە بەرواری راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵام داڕێژەرانی دەستوور لە هەموو ئەم بڕگانەدا دەستەواژەی لەمیانی-یان بەکارهێناوە، ئەم دەستەواژەیە زۆرترین ماوەی کات دیاری دەکات و پایەندنییە بە چاوەڕوانی تا کۆتایهاتنی، بەم شێوەیە رێگە بە نەرمییەکی بەرچاو دەدات بۆ کورتکردنەوەی ئەم ماوانەی هەرکاتێک ئیرادەی سیاسی هەبوو".
فایەق زێدان وتی، "دەتوانرێت ماوەی چوار مانگی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە ئەگەر یەکەم رۆژی هەر قۆناغێکی دەستووری سودی لێوەربگیرێت، نەک چاوەڕێ بکرێت تا کۆتایی زۆرترین وادە، بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەکەم رۆژی دانیشتنەکەداو هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و راسپاردنی سەرۆک وەزیران لە رۆژانی سەرەتاییدا، زامنی ئەوە دەكات پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2026 بێت لەبری مانگی ئازاری هەمان ساڵ".
وتیشی، "ئەزموونی رابردوو دەریخستووە، دانانی سێ پۆستی باڵاكە، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک كۆمار و سەرۆک وەزیران، زۆرجار لە ماوەی دیاریکراوی دەستور تێدەپەڕێت، ئەمەش پێشێلکارییەکی روونی دەستورەو پێچەوانەی گواستنەوەی دیموکراسیانەی دەسەڵاتە، بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە لە نەبوونی هیچ سزایەکی یاسایی یان دەرئەنجامێک بۆ ئەو جۆرە پێشێلکارییانە سەرچاوە دەگرێت كە دەستوور بڕگەیەکی دیاریكراوی نییە باس لەم سەرپێچییە بکات یان کاردانەوەکانی پێناسە بکات، کە بووەتە هۆی ئەوەی لە چەندین خولی هەڵبژاردندا دووبارە بکرێتەوە".
AM:10:47:09/11/2025
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت