لە دەنگدانی تایبەت یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00 بەیانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد تاوەکو کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەری تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن و زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە دەتوانن لە دەنگدانی تایبەت بەشدار بن، لە هەرێمی کوردستان 809 بنکە بۆ دەنگدەرانی هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکەی دیکە بۆ دەنگدانی ئاوارەکان تەرخان کراوە کە لەگەڵ دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان دەنگ دەدەن.
زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بەغدا بەشدار دەبن کە 317 هەزار و 314 دەنگدەرن، کەمترین دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای دیوانییە دەنگ دەدەن کە 20 هەزار و 236 دەنگدەرن.
276 هەزار و 613 کەس لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان 224 هەزار و 333 دەنگدەری تایبەتی خۆی هەیە کە لە خەڵکی چوار پارێزگاکەن.
بەگوێرەی ئامارى کۆمیسیۆن، 26 هەزار و 538 ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای نەینەوان کە 26 هەزار و 447 دەنگدەرن، ئەوانی دیکە خەڵکی کەرکوک و سەلاحەدین و ئەنبارن.
ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، 25 هەزار و 986یان لە دهۆک، 547یان لە هەولێر و پێنج دەنگدەریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگ دەدەن.
بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، دوای ئەوەی دەنگدەرانی تایبەت و ئاوارەکان دەنگ دەدەن، کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان لێ وەردەگیرێتەوە و پسوڵەیەکیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن لە رێگەیەوە کارتەکانیان وەربگرنەوە.
AM:08:47:09/11/2025
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت