لوتکەی نیشتمانی سلێمانی بۆ کارسازی (SNE): چالاکییەکی نێودەوڵەتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
لوتکەی نیشتمانی سلێمانی بۆ کارسازی (SNE) رایدەگەیەنێت، چالاکییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لوتکەی (SNE) دەبێتە پردێک بۆ داهاتووی ئابووری عێراق بە بەشداری بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لوتکەی نیشتمانی سلێمانی بۆ کارسازی (SNE) بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنێت کە ئەم لوتکەیە وەک بەشێک لە خشتەی هەفتەی جیهانی کارسازی ڕێکخراوە و دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی پەرەپێدانی کارسازی لە عێراقدا".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەم لوتکەیە، کە لە درەنجامی پڕۆگرامێکی ئەنجومەنی باڵای گەنجانی عێراق بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، دێتە ئاراوە، توانای 125 گەنجی خاوەن بیرۆکەی کارسازی پەرەپێداوە و ئامادەی کردن بۆ نمایشکردنی داهێنانەکانیان و چونە ناو بازاڕی کارەوە".
لوتکەی نیشتمانی سلێمانی بۆ کارسازی (SNE) دەڵێت، "لوتکەی (SNE) لە ماوەی دوو ڕۆژدا، لە 22 و 23ی مانگی یازدە (نۆڤەمبەر)، دەبێتە کۆکەرەوەی گرنگترین ناوەندەکانی کارسازی، بانکەکان، کۆمپانیاکانی پێدانی قەرز، کۆمپانیاکانی بواری پێدانی ئەلیکترۆنی، و کۆمپانیا کارسازییە سەرکەوتووەکان لە عێراق. لەم بۆنە نایابەدا، سەدان دەرفەتی گرنگ بۆ گەنجان ڕادەگەیەنرێت کە دەتوانن ژیانی پیشەیی و ئابوورییان بگۆڕن".
ئاماژە بەوەدراوە، لوتکەکە بە بەشداری بەرپرسانی باڵا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها نوێنەرانی بهشێك لهوڵاتان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش گرنگی نێودەوڵەتی و نیشتمانیی بۆ لوتکەکە دەبەخشێت، لوتکەکە لە هۆڵی فاوندهیشن ههب (Foundation Hub) لە کارگەی کولتووری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لوتکەکە گەنجانی خوازیار بە بەشداری لە چالاکییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا فۆرمی تۆمارکردن بەردەست دەبێت. بۆ دڵنیابوون لە بەشدارییەکی فراوان، لوتکەکە ئاسانکاری هۆکارەکانی گواستنەوەش بۆ گەنجانی دەرەوەی سلێمانی دابین دەکات، بە ئامانجی هاندانیان بۆ بەشداریکردن لەم دەرفەتە ناوازەیەدا.
PM:04:29:06/11/2025
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت