رێباز حەملان: خۆراگری مەسرور بارزانی و پشوو درێژی خەڵک پلانی نەیارانی گۆڕی بۆ دەرفەتی ئاوەدانی و سەقامگیری


وێستگەنیوز-

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، خۆراگری مەسرور بارزانی و پشوو درێژی خەڵک پلانی نەیارانی گۆری بۆ دەرفەتی ئاوەدانی و سەقامگیری.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025، رێباز حەملان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بیهێننە بەرچاوتان ئەگەر لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا ئەو هەموو بڕیارە نایاسایی و نادەستوری و دوژمنکاریانە بەرامبەر هەرێم و حکومەتی هەرێم و شەخسی مەسرور بارزانی رویاننەدایە، هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو تری ئاوەدانی و ئابووری و گەشەسەندنی وەبەرهێنانی زۆر لەمەی ئێستا زیاتر دەبوو".

ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی بەرامبەر هەرێم و حکومەتی کابینەی نۆهەم کرا:

1- دادگای پاریس بۆ ماوەی دووساڵ و نیو هەناردەی نەوتی راگرت زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری لە داهاتی هەرێم و عێراقیشدا.

2- دادگای فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی بە دەستی کەس و لایەنی ناو هەرێم خستە سەر وەزارەتی مالیەی فیدراڵی.

3-وەزارەتی مالیەی فیدراڵ 50%ی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە شێوەی کاش دەبات بۆ خۆی.

4-دادگای فیدراڵ پەرلەمانی داخست کە دەیان یاساو بریاری گرنگی تەشریعی بۆ رێکخستنەوەی داهات و خەرجی گرنگ هەبوو دەبوایە بڕیاری لە بارەوە بدرایە لەسەرجەم دام و دەزگاکانی هەرێم هەمووی پەکخرا.

5- لە میزانییەی 2023 و 2024 و 2025ی عێراق (من ضمنها حصة الاقليم كوردستان) بەشی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە بودجەی سیادی و حاکیمەو بودجەی بەڕێوەبردن و بودجەی وەبەرهێنانی پرۆژەکانی حکومەت، یەک دیناریان بۆ هەرێم خەرج نەکرد، تەنها مووچەیان دەنارد بە دواکەوتن لە کۆتایشدا لە ساڵی 2023 مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵ نەدرا، لە ساڵی 2024 دوو موچەی کۆتایی ساڵیان نەنارد و ئەمساڵی 2025 ئەمرۆ 5/11 یە تا ئێستا مووچەی مانگی 9 یان نەناردووە …. زۆرن ئەو زوڵم و ستەم و نادادیانەی لە بەغداد باڵادەستن بەرامبەر هەرێمی کوردستان کردیان
.
6- سەرەڕای فشاری دەوڵەتی ئیقلیمی و دەستی هەندێک لایەنی ناوخۆیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد چ وڵاتێک هەیە چ سەرکردەیەک هەیە خۆی بگرێت لە بەرامبەر ئەو هەموو فشارو هێرشە نارەوایانە، زۆر دەوڵەتی گەورەی ناوچەکە بەقەدەر نیوەی ئەم فشارانەی سەر هەرێم، فشاری لێ نەکراو و خۆی نەگرت و رووخاو ووڵاتەکەشیان وێران و نا سەقامگیر بوو، بەڵام لە سایەی خۆراگری و پشوو درێژی خەڵک و خۆراگری حکومەت، جەنابی سەرۆک وەزیران پلانی نەیارانی گۆری بۆ دەرفەتی ئاوەدانی و سەقامگیری.

دەشڵێت، کابینەی (نۆهەم) چیکرد بۆ خەڵکی کوردستان:

1- تائێستا بە کارەبای 24 کاتژمێری چوار ملیۆن هاونیشتمانی هەرێم سودمەندبوون بە روناکی.

2- هەژماری من کە گەورەترین پرۆژەی بەدیجیتاڵکردنی بانکییە و تا ئێستا یەک ملیۆن مووچەخۆری هەرێم لێی سود مەندبووە.

3-لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر قۆناغی دەستپێک سێ ملیۆن نەمام دەست بەچاندنی کراوە.

4- هەزارو 257 کارگەی جۆراو جۆری پیشەسازی و کشتوکاڵی و خۆراک لەهەرێم دامەزراوە.

5- 596 پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەرجەم سێکتەرەکان لە کوردستان مۆڵەتیان دراوەتێ و زۆربەی تەواو بوون.

6- سێ هەزار قوتابخانە بۆ سەرجەم قۆناغەکان دروستکراوە.

7- 108 نەخۆشخانەو بنکەی تەندروستی دروستکراوە.

8- پێنج هەزارو 126 کیلۆمەتر رێگاوبانی دوساید دروستکراوە.

9- پێنج هەزارو 415 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەوانییەکان جێبەجێکراوە.

10- زیاتر لە 140 هەزار هەلی کار بۆ گەنجان و لاوان لەهەرێم فەراهەم کراوە.

11- دوانزە پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خواردنەوە ئەنجامدراوە کە بۆ ماوەی 30 ساڵ کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکات، لە شارو شارۆچکەکانی هەرێم.

12- نۆ سایلۆی هەڵگرتنی گەنمی جوتیاران دروستکراوە.

13-دروستکردنی نۆ بەنداو و پۆند ئەنجام دراوە.

14- 157پرۆژەی گەشتوگوزار و شوێنەوار ئەنجامدراوە.

رێباز حەملان راشیگەیاند، "ئەمە جگە لەو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیرییەی بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پایتەختی هەرێمی کوردستان فەراهەم کراوە .. ئەمانە مشتێکە لە خەروارێک، زۆر زۆری تر بەرێوەیە هیچ بەربەستێک ئەم کاروانی ئاوەدانی و گەشەسەندنانە راناگرێت".








PM:01:02:05/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت