مەسرور بارزانی: هەزار وتار بە قوریانی یەک کردار بن، وەڵامی نەزانەکانیش هەر بێدەنگییە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی 10ـی 2025، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی؛ کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە یاریگای وەرزشیی دهۆک دەستیپێکرد.

مەسرور بارزانی رایگەیاند، "سوپاسی پشتیوانی ئێوە دەکەم و سڵاوی مەرجەعی هەموو کورد و کوردستان، سەرۆک بارزانی لە هەمووتان بێت، هەروەها سوپاسی برای بەرێزم، جەنابی نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ وتەکانی".

مەسرور بارزانی لە میانەی وتارێکدا وتی: "پێویست ناکات من وتارم هەبێت، چونکە کرداری ئێمە وتاری ئێمەیە، هێندە کردارمان زۆرە کە ناتوانین ئاوا بە ئاسانی باسی بکەین، دەشڵێم هەزار وتار بە قوریانی یەک کردار بن."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەردەوام گۆڕانکاریی نوێ لە ناوچەکە ڕوودەدەن، بۆ ئەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان بپارێزین و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنین، پێویستە لە بەغدا بین و بەشدارییەکی کارامان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت. زۆر لایەن هەوڵیان داوە، هەرێمی کوردستان بە ئامانجەکانی نەگات، بەڵام بە پشتیوانیی خەڵكی کوردستان، بەردەوام بووین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و ئینشائەڵڵا ناوەستین. زۆر قسەی ناڕاست و بوختان بە پارتی کراون، بەڵام پێویست ناکات وەڵامیان بدەینەوە، چونکە وەڵامی نەزان، بێدەنگییە."

باسی لەوەشکرد، بەغدا فشارێکی زۆری لەسەر ئێمە درووست کرد، فشاری ئابووری و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، پاشان دادگا لە دژی ئێمە بەکارهێندرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا و جەماوەرەکەمان، کوردستان سەرکەوت.

جێگری سەرۆکی پارتی وتیشی: "پارتی لە هەر شوێنێک بێت، ئاشتی و ئاوەدانی هەیە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووش کورسی کۆتاکان کەمکرایەوە و پارتی پێداگری لەسەر پاراستنی مافەکانیان کرد، بڕیاری پارتیش هەر ئەوەیە بەرگری لە مافی هەموو ستەملێکراوێک بکات."

دووپاتیشی کردەوە، "زۆرن ئەوانەی دەڵێن هێزی تۆین، بەڵام بینیمان ئەو جێگەیەی پارتی لێ نەبێت، نە هێزی لێیە و نە کەس خۆی دەکاتە قوربانی لەپێناو کوردستاندا."


PM:04:03:04/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو