وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی 10ـی 2025، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی؛ کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە یاریگای وەرزشیی دهۆک دەستیپێکرد.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "سڵاوی سەرۆک بارزانی بە ئێوە دەگەیەنم، سڵاوی برای بەرێزم مەسرور بارزانی بۆ ئێوە، چەند شانازییەکی مەزنە مرۆڤ لە حیزبێکدا بێت، ئەو هەمووە دڵسۆز و وەفادارانەی هەبێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ گومانم نییە رۆژی هەڵبژاردن، داستانێکی سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان و بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمار دەکەین. دڵنیام وەک هەمیشە بە پشتیوانی خودا و جەماوەرەکەمان، سەرکەوتن هەر بۆ پارتییە و ملیۆنێک دەنگ و زیاتر دەهێنین، بادینان ماڵی خەبات و تێکۆشانە، چ ماڵێکی بادینان هەیە چەکی خەبات و پێشمەرگەی تێدا نەبێت."
جێگری سەرۆکی پارتی راشیگەیاند، "مێژووی پارتی و ئەم دەڤەرە لە یەکدی جیا ناکرێنەوە، یەکەم لقی پارتی لەم دەڤەرە بووە."
وتیشی: ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە دەستوور جێبەجێ نەکراوە، پارتی لە بەغدا کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، هەر پارتیشە گەرەنتی پاراستنی مافی کوردستان بکات.
لە بەشێکی دیکەدا نێچیرڤان بارزانی وتی: پارتی بۆ خزمەتی خەڵک دامەزراوە، ئەوەی پارتی بێت خزمەتکاری خەڵکە، کاتی وەڵامدانەوەی ناحەز و نەیارانمان نییە و نابێت خۆمان بگەیەنینە ئەو ئاستە، ئێمە بە کار و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان وەڵامی ئەوان دەدەینەوە. دەشڵێم، ئێمە وەڵامی ئەو ناحەزانە نادەینەوە، با بۆخۆیان هەر بڵێن".
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لەوەشکرد، "دەستخۆشییەکی گەرم لە مەسرور بارزانی دەکەم، وەک سەرۆک وەزیری ئێمە، لە بەرامبەر هەموو ئاستەنگەکان، هەر لە کاروانی خزمەتی کوردستان بەردەوامە، هەتا پارتیش هەبێت کار و خزمەت و پڕۆژە بەردەوام دەبن."
PM:03:37:04/11/2025
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه