ئەحمەد زاوێتی باسی زلەکەی مام رۆستەم دەکات
        
                
        
        
        
          وێستگەنیوز-
	
	ئەحمەد زاوێتی، پەیامنێر و بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی كەناڵی جەزیرە لە هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرە باسی لە زۆربەی ئەو رۆژانە كرد، كە كاری بۆ ئەو كەناڵە كردووە و توانیوێتی لە رێگەی كەناڵی جەزیرەوە پرسی كورد بە جیهان بناسێنێت.
ئەحمەد زاوێتی لە دیدارێكدا لەگەڵ بەرنامەی ئیكتەشیف (أكتشف) كە لە كەناڵی جەزیرە پەخش دەكرێت رایگەیاندووە، زۆر بەختەوەرم كە 20 ساڵی ژیانم لەگەڵ جەزیرەدا بەسەر بردووە و لە رێگەی كەناڵی جەزیرەوە توانیم دەنگی كورد بگەیەنم بە جیهان.
وتيشى، رەنگە بۆ یەكەمجار بووبێت، پەیامنێرێك هەبێت لە هەرێمی كوردستان، یان لەناو ناوجەرگەی پرسی كوردەوە، رۆژانە قسە بۆ جەماوەری عەرەبی بكات لە رێگەی بەناوبانگترین شاشەوە، ئەویش شاشەی جەزیرەیە، كە بەناوبانگترین و كاریگەرترین شاشەیە لەسەر جەماوەری عەرەبی و من توانیم ببم بە كوردستان لەناو كەناڵی جەزیرە و جەزیرەش بم لەناو كوردستان.
روونیشیكردەوە، كەناڵی جەزیرە نەخوازراو بوو لە كوردستان و پرسی كوردیش بوونی نەبوو لەسەر شاشەی جەزیرە، ئەگەر هەشبوبێت وەكو كێشە بوونی هەبووە نەوەكو وەك پرس و دۆز، بەڵام دوای كاركردنی ئێمە لە جەزیرە، لە ماوەی 20 ساڵى كاركردنم لەگەڵ جەزیرە، توانیم ئەوەی لە كوردستان روودەدات و ئەوەی هەیە لە كوردستان لە هەموو بوارەكاندا لە رێگی كەناڵی جەزیرەوە بیگوازمەوە بۆ جیهان، كه رەنگە هیچ شتێك نەبێت لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا رووماڵم نەكردبێت بۆ جەزیرە.
دەشڵێت، توانیم لە رێگەی جەزیرەوە خزمەتی پرسی گەلەكەم بكەم، كە ئەویش پرسی كوردە، چونكە كورد پێویستی بە پەنجەرەیەك بوو كە لە رێگەیەوە بگاتە جەماوەری عەرەبی و لە رێگەی جەزیرەوە راستی و دروستی پرسی كوردم گەیاند.
وتيشى، یەكەم دانیشتنم لەگەڵ پەیامنێری جەزیرە وەزاح خەنفەر لە هوتێل سەنا لە سلێمانی، داوای لێكردم كە بگاتە شوێنەكانی ئەنسارولئیسلام و ئەو كاتە ئەوانیش وەك گرووپێكی تیرۆریست لەلایەن ئەمریكاوە ناسێندرابوون و باس لەوە دەكرا كە لەلایەن ئەمریكاوە دەكرێنە ئامانج، ئەوان گرووپێك بوون لەناوچەیەكی شاخاوی لە خورماڵ و وەزاحيش داوای لێكردم كە بگاتە لای ئەنسارولئیسلام تاوەكو رووداوەكان لەناو جەرگەی گۆڕەپانەكەی ئەوانەوە بگوازێتەوە.
باسی لەوەشكرد، بۆ گەیشتن بە خورماڵ پەیوەندیمان بە نووسینگەی بەرهەم ساڵحەوە كرد كە ئەو كاتە سەرۆك وەزیرانی سلێمانی بوو، چونكە ئەو كاتە دوو ئیدارەیی بوو ئیدارەیەك لە سلێمانی یەكێكیش لە هەولێر، لە رێگەی حزبە ئیسلامییەكانەوە وەزاح نێردرا بۆ لای حزبەكەی عەلی باپیر  كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام ئەنسارولئیسلام رێگەیان بە جەزیرە و هیچ كەناڵێكی دیكە نەدا بگاتە لایان بۆ خورماڵ. 
وتيشى، لەو كاتانەدا كە وەزاح خەنفەر لە خورماڵ بوو، كۆمەڵی ئیسلامی بەسەركردایەتی عەلی باپیر نمایشی سەربازییان كرد و بوو بە گەورەترین راپۆرتی جەزیرە، كە تانەت كەناڵە ئەمریكییەكانیش ئەو راپۆرتەیان بڵاوكردەوە.
ئاماژەشی كرد، وەزاح خەنفەر پرسیاری لە عەلی باپیر كرد، ئەگەر سوپای ئەمریكا بێتە ناو خاكی عێراقەوە هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت، عەلی باپیر لە وەڵامدا وتی، ئێمە رووبەڕوویان نابینەوە ئەگەر خۆیان رووبەڕوومان نەبنەوە، بەڵام ئەگەر بێنە ناوچەكانمان بە هەموو هێزێكمانەوە رووبەڕوویان دەبینەوە، قسەكەی عەلی باپیر پێش جەنگی ئەمریكا لەسەر عێراق لە كەناڵی جەزیرە بڵاوكرایەوە و تەیسیر عەلونی كردی بە راپۆرت و بە دەنگی خۆی خوێندێوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.
ئەحمەد زاوێتی دەگێڕێتەوە، كاتژمێر نزیكەی 3ی بەیانی بوو، وەزاح خەنفەر كە لە هەولێر بوو پەیوەندی پێوەكردم و وتی، ئەحمەد پەلە بكە ئەمریكا لە خورماڵی داوە و دبێت بگەینە ئەوێ، منیش گەیشتمە لای، لەوێشەوە جووڵەمان كرد بەرەو سلێمانی و لەویشەوە بەرەوە خورماڵ، بەڵام یەكێتی لەسەر ئەو رێگەیەی بۆ خورماڵ دەچێت خاڵی پشكنینی دانابوو، رێگای نەدەدا كەس بڕوات بۆ خۆرماڵ و رێگریان لە هەموو كەناڵە جیهانی و عەرەبی و ناوخۆییەكانیش دەكرد، وەزاح داوای لە شۆفێرەكە كرد كە بە رێگایەكی تر بمانگەیەنێتە خورماڵ و ئێمە وەك جەزیرە، هەندێك رووداومان روماڵ كرد، كە هیچ كەناڵێكی تر نەیتوانی بیكات، بەشێوەیەكە كەناڵە ئەمریكییەكان وەك سی ئێن ئێن بە لۆگۆی جەزیرەوە هەواڵەكانمانی بڵاودەكردەوە.
وتيشى، شۆفێرەكە بە رێگەیەكدا رۆیشت دوور لە خاڵی پشكنینەكە و گەیاندمانيه ئەو شوێنەی لەلایەن ئەمریكاوە بۆردومان كرابوو، چەند دیمەنێكی زۆر كارەساتبارمان بینی، ئێمە گەیشتین تازە شوێنەكە بۆردومان كرابوو، ئارام قادرمان بینی كە ئەو كاتە سەركردە بوو لە كۆمەڵی ئیسلامی، داوای لێكردین شوێنەكە بەجێبهێڵین چونكە رووبەڕووی بۆردومانی تر دەبێتەوە، ئەوانیش خەریكی كۆكردنەوەی لەشی چەكدارەكانیان بوون كە پارچە پارچە بوو بوون و دەیانخستە تەراكتۆرییەكەوە و ژمارەی كوژراوەكان لە سەرووی 30 كەسەوە بوون، كە بە بیانووی ئەوه لێدرابوون چەكی كۆمەڵكوژیان پێیە، بەڵام لە راپۆرتەكەمان روونمان كردەوە، كە بیانوەكەی ئەمریكا راست نییە و هیچ چەكێكی لەو جۆرەی لێ نییە.
ئاماژەشی كردووە، ئێمەش بە پەلە شوێنەكەمان بەجێهێشت كاتێك ئارام قادر داوای لێكردین و دوای ئەوەی كیلۆمەترێك دووركەوتینەوە تەقینەوەیەك لە شوێنەكە روویدا وەك بزانم كردەوەیەكی خۆكوژی بوون لەلایەن یەكێك لە چەكدارەكانی ئەنسارولئیسلامەوە كه ژمارەیەك لەو هێزانە كوژران كە هاوەڵی رۆژنامەنووسەكانیان دەكرد، گەیشتینە سلێمانی و مادەكەمان نارد بۆ دەوحە و ئەوەی ئێمە بڵاومان كردەوە دنیای هەژاند و هەموو راگەیاندنە نێودەوڵەتییەكان ئەو دیمەنە ترسناكانەیان بڵاودەكردەوە كە ئێمە تەسویرمان كردبوو، بەلۆگۆی جەزیرەشەوە بڵاویان دەكردەوە.
ئاشكراشی كرد، ساڵی 2003 بوو یەكێتی زۆر توڕە بوو لە رووماڵكردنەكەی جەزیرە بۆ خورماڵ، شەو كاتێك لە ناوەندی راگەیاندن  بووین لە هوتێل پاڵاس، وەزاح خەریكی نووسین بوو وتی، من ئەمڕۆم بۆ هوتێل، وتم بڕۆ من جارێ مەشغوڵم خەریكی نووسینی راپۆرتێك بووم  بۆ پێگەی ئیسلام ئۆنلاین، كە كاری فریلانسم بۆیان دەكرد، راپۆرتێكم بۆیان نووسی لەژێر ناونیشانی دیمەنەكانی هەڵەبجە بەچەند دەستێكی نوێ دووبارە دەبنەوە، رەنگە ئاسایش چاودێری كردبێتم و ئاگاداری نووسینەكەم بوبێتن، بۆیە كارەبایان لێ كوژاندمەوە و ئەنتەرنێتیشان بڕی، منیش وتم كۆتایی بە كارەكانم دەهێنم دەچم بۆ لای وەزاح، بەڵام لەناو ناوەندی راگەیاندن دەستگیریان كردم و دواتر بەرپرسێكی راگەیاندن  هەر لەو شوێنە ئازادی كردم و بردمی بۆ هۆتێلەكەم.
ئەحمەد زاوێتی دەڵێت، لە دوای رووماڵكردنی بۆردوومان كردنی خورماڵ چاوەكان هەموویان لەسەر جەزیرە بوون و دوای ئەوە بڕیارماندا سلێمانی بەجێبهێڵین، چونكە هەستمان بە ئارامی نەكرد، رۆیشتین بۆ چەمچەماڵ لەویش كاتێك وەزاح خەنفەر لە پەخشی راستەوخۆ وتی شاندێكی ئەمریكی چاویان بە فوئاد مەعسوم كەوتووە، مام رۆستەم كە بەرپرسی میحوەری چەمچەماڵ بوو، هێزێكی ناردوو وەزاح خەنفەریان دەستگیر كرد لەكاتی پەخشی راستەوخۆ، دواتر وەزاح بە جەزیرەی وت كە كامێرامانەكەمان رووبەڕووی لێدان بووەتەوە و جەزیرەش لە مانشێت بڵاویكردەوە كە تیمی جەزیرە رووبەڕووی لێدان بوونەتەوە. 
ئەحمەد زاوێتی باسی لەوەشكرد، مام رۆستەم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ یەكێك لە رۆژنامەكان دەڵێت، مام جەلال پەیوەندی پێوە كردوم و پێی وتوم، چیت لە وەزاح خەنفەر كردووە، منیش وتم: زلەیەكم لێداوە، حەزمكرد باس لەوە بكەم، كە مام رۆستەم شانازی بەشتێكەوە دەكرد، كە نەیكردووە، چونكە من ئامادە بووم و ئەو هەرگیز دەستی نەگەیشتووە بە وەزاح خەنفەر.
روونیشیكردەوە، وەزاح خەنفەر بابەتی ئیسلامییەكانی زۆر بەلاوە گرنگ بوو، بۆیە پەیوەندی بە جەلال تاڵەبانییەوە كرد و لێی پرسی، ئێوە هەڵوێستان چییە لەسەر ئەوەی بەرامبەر بە ئیسلامییەكان كرا ئەویش وتی، ئێمە عەلی باپیرمان ئاگادار كردەوە كە بۆردوومان دەكرێن و ئەو شوێنانە بەجێبهێڵن چونكە نزیكن لە ئەنسارولئیسلامەوە بەڵام بەقسەیان نەكردین ، پاشان عەلی باپیر پەوەندی بە وەزاح خەنفەرەوە كرد وتی، ئەمەوێت چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیت لەگەڵدا بكەم  ومن و وەزاح پێكەوە چوین بۆ لای عەلی باپیر، لەچاوپێكەوتنەكە وەزاح خەنفەر لە عەلی باپیری پرسی وتی، جەلال تاڵەبانی ئەڵێت: پێش ئەوەی بۆردوومان بكرێن ئەوان ئاگاداریان كردوونەتەوە كە بۆردومان دەكرێن و شوێنەكانتان چۆڵ بكەن بەڵام گوێیان لێ نەگرتین، وتی بەڵێ: پێی وتم، بەڵام ئاگاداری نەكردمەوە كە كەی بۆردوومانەكە دەكرێت.
دووپاتیشیكردەوە، دوای ئەوەی لە خۆرماڵ و لە چەمچەماڵ روویدا، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بانگی كردین و پێی راگەیاندین كە هەڕەشەی كوشتنتان لەسەرە لەبەر ئەوە من ئۆتۆمبێلێكی چەكداریتان بۆ تەرخان دەكەم بۆ هەر كوێ بڕۆن هاوەڵیتان بكات و بتانپارێزێت، ئیتر بڕیارماندا نە چەكدار بمانپارێزێت و نە لەسلێمانیش بمێنینەوە، بۆیە بەتەواوەتی سلێمانیان بەجێهێشت و هاتین بۆ هەولێر و روماڵێكی ترمان دەستپێكرد لە هەولێر.
ئاشكراشی كرد، لە هاوینی 2003 وەك رێكخەری كەناڵی جەزیرە لە هەرێمی كوردستان دامەزرام، ساڵی 2004 جەژنی قوربان بوو، كە كارێكی تیرۆریستی لە هەردوو بارەگای حزبی یەكێتی و پارتی روویاندا لە هەولێر، منیش بەپەلە لە دهۆكەوە هاتم بۆ هەولێر و یەكەم راپۆرتم بۆ جەزیرە لەسەر ئەو هێرشە تیرۆریستییە بوو، لەكاتی كاركردنم بۆ جەزیرە رووبەڕووی هەراسانكردنێكی زۆر بوومەوە تەنانەت رووبەڕووی لێدانیش بوومەوە .
وتيشى، لە 2005 یاریەكی تۆپی پێ هەبوو لە نێوان هەولێر و نەجەف كە لە هەولێر ئەنجام درا، بەڵام هەولێر دۆڕا و ئیتر یاریزانەكانی هەولێر و نەجەف بوو بە شەڕیان، ئێمەش تەسویرمان دەكرد، كاتێك زانیان ئێمە جەزیرەین ئیتر جەماوەرەكە كەوتە لێدانمان تەنانەت هێزە ئەمنییەكان كەوتنە لێدانمان و رووبەڕووی لێدانێكی توند بووینەوە و من داخڵی نەخۆشخانە كرام و پاسەوانانی پارێزگار و پاسەوانانی بەرپرسە حزبییەكانیش لێیان داین، لە ساڵی 2011 وابزانم بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی سووتێنرابوو، لە زاخۆوە دەستی پێكرد، هەندێك دامودەزگایان سووتاند منیش رۆماڵی پێشهاتەكانم دەكرد كە بارەگاكان دەسووتێنرێن ئیتر رێگریان لێكردین تەسویر بكەین كه بوو بە دەمەقاڵێمان رووبەڕووی لێدان بووینەوە و لێیان داین، بەڵام جارێكی تریش لێیان دام ئەویش كاتێك دیبلۆماسییە توركییەكە لە هەولێر كوژرا نووسینگەی جەزیرەش زۆر نزیك بوو لە رووداوەكەوە، ئیتر ئێمەش راستەوخۆ ئامێرەكانمان بردە بەردەم ئەو قاوەخانەيی رووداوی كوشتنەكەی لێ بوو، ئیتر من لە پەخشی راستەوخۆدابوم زیاتر لە کاتژمێرێک قسەم كرد و روماڵێكی تایبەتم كرد لەسەر رووداوەكە، ئیتر هێزە ئەمنییەكان هاتن و رێگریان لە رۆژنامەنووسان كرد، منیش لە پەخشی راستەوخۆدا بوم ئەوانیش هاتن لێیان داین و ئامێرەكانیان بردین.
دەشڵێت، لەنێوان ساڵانی 2015 و 2016 كاتێك شەڕی نێوان داعش و پێشمەرگەمان روماڵ دەكرد و پێشمەرگە كوژراوەكانم بە شەهید ناو نەدەبرد، بەوە تاوانبار كرام كە من دژ بە پرسی كورد ئیش دەكەم و هەڵمەتێكیان لە دژم رێكخستوو تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیشم لێكرا  و هەندێك نامەم بەدەست گەیشتووە لە میلیشیاكانی عێراقيشەوە پێش 2021 هەڕەشەی كوشتنم لێ دەكەن.
بەپێە قسەی ئەحمەد زاوێتی، سەرەتای كاركردنمان لە هەرێمی كوردستان وەك ئەوە وابوو لەناو كێڵگەیەكی لوغم رێژكراودابین و لوغمەكانیش زۆر بوون.
ئاماژەشی كردووە، كاتێك كەناڵی جەزیرە لە عێراق قەدەغەكرا داوایان لێكردم منیش كوردستان بەجێبهێڵم و بڕۆم بۆ دەوحە، بەڵام رەتم كردەوە و وتم من مەترسیم لەسەر نییە و بەردەوام دەبم و جەزیرەش وتی، ئەگەر كار بكەیت رووبەڕووی كێشەی یاسایی دەبینەوە، ئیتر نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی حكومەت بوو، پەیوەندی پێوە كردم و وتی، تۆ بۆت هەیە ئیشی خۆت بكەیت و ئێمە پەیوەندیمان بە بڕیاری عێراقەوە نییە.
وتيشى، كاتێك دەستمكرد بە راپۆرتكردن لەسەر پەكەكە رۆژێكیان لە دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتەوە پەیوەندیم پێوە كرا و وتیان نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، ئەم ماوەیە با سەردانیكردنی بۆ شاخەكانی قەندیل بۆ لای پەكەكە كەم بكاتەوە، چونكە توركیا بێزار بووە لەوەی من هێندە سەردانی شوێنەكانی پەكەكە دەكەم و راپۆرتیان لەسەر دەكەم، لە هەمان رۆژ لە نووسینگەی كاك مەسعوود بارزانییەوە پەیوەندیم پێوە كراو و پێیان راگەیاندنم، كە سەرۆك بارزانی سڵاوت لێ دەكات و دەڵێت با ئیتر سەردانی شوێنەكانی پەكەكە نەكات.
دەشڵێت، هەواڵێكی دەوڵەتی توركیام بە درۆخستەوە، كاتێك وتیان پێگە سەربازییەكانی پەكەكەمان بۆردومان كردووە، من چوم بۆ ئەو شوێنە و تەسویرم كرد و راپۆرتم لەسەر كرد، دەركەووت لە گوندێكدا بۆردومانی قوتابخانەیەك و نەخۆشخانەیەكی كردووە و بانگەشەی ئەوەی دەكرد، كە بۆردومانی پێگە سەربازییەكانی پەكەكەی كردووە وابزانم ساڵی 2007 بوو.
 
ئەحمەد زاوێتی دەگێڕێتەوە، كاتێك فیلمێكم كرد لەسەر جەنگاوەرەكانی پەكەكە بە ناونیشانی دەوڵەتی شاخ  و كەناڵی جەزیرە بڵاویكردەوە، توركیا هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە نووسینگەی جەزیرە دابخات، دوای ئەوەی لە فلمی دەوڵەتی شاخ سەركەوتنم بە دەستهێنا پێشنیاری فلمی مەلا مستەفا بارزانیم بۆ جەزیرە پێشكەشكرد، پێم وابوو لە 72% رەتیدەكەنەوە، بەڵام تووشی شۆك بوم كاتێك رەزامەندی هاتەوە كە دەست بكەم بە ئامادەكردنی فیلمی مەلا مستەفا بارزانی، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی كردم، نزیكەی ساڵێكی خایاند تاوەكو فیلمەكەم تەواو كرد، بۆ ماوەی شەش مانگ تەنها زانیاریم لەسەر مەلا مستەفا خوێندەوە، شەش مانگەكەی تریشی بۆ تەسویر و مۆنتاژ و دەرهێنان بوو، تاوەكو ئێستاش كە سەیری فیلمەكە دەكەم سەیرم لێ دێت چۆن توانیوومە ئەو كارە بكەم.
        
        
PM:12:46:04/11/2025 
    
                                
                
                    
                
                              
          			ئهم بابهته 									1656
 جار خوێنراوهتهوه 
          	
                                                                       
 
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت