نووسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی: ته‌واوی بودجه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی سلێمانییه
وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه‌یه‌ك له نووسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مرۆ شه‌ممه 1ی تشرینی یەکەمی 2025، رایگه‌یاند، كه ته‌واوی بودجه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی شاره‌كه‌یه كه بڕه‌كه‌ی 440 ملیار دیناره‌و تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 210 ملیار دینار بۆ كۆمپانیای جێبه‌جێكار سه‌رفكراوه.
ئه‌مرۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڤیدیۆیه‌كی به‌ناونیشانی یه‌ك حكومه‌ت و یه‌ك هه‌رێم بڵاوكرده‌وه تیایدا ئاماژه بۆ خێرایی ته‌واوبونی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی ده‌كرێت و به پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی گه‌وره ناو ده‌برێت له‌دوایدا وێنه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌گه‌ڵدا نیشانده‌درێت، وێستگەنیوزیش ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له نووسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی به وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، "به هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌ك فلسی ئه‌م پڕۆژه‌یه له حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌رێمه‌وه ته‌رخاننه‌كراوه، بودجه‌ی ته‌واوی پڕۆژه‌كه له داهاتی ناوخۆی سلێمانی دابین ده‌كرێت و له‌ئێستادا بڕی 210 ملیار دینار دراوه به كۆمپانیای جێبه‌جێكار".
یه‌كێك له پرده‌كانی ئه‌م شه‌قامه 5000 هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌یه، 500 مه‌تر درێژه و هه‌روه‌ها 100 مه‌تر پانییهكهیهتی كه به‌پێی زانیارییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان پردی به‌و گه‌وره‌ییه تیادا نییه.
ئه‌وه‌ی لهڤیدیۆهكهی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه ئه‌وه‌یه كه له هه‌رێمی كوردستان هیچ شه‌قامێك نییه به‌و درێژییه 37 كیلۆمهترییهی شه‌قامی 100 مه‌تری شاری سلێمانی شه‌قامی خزمه‌تگوزاری هه‌بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌خاڵی سفری ده‌ستپێكردنی شه‌قامه‌كه تاوه‌كو ژماره 100ی كۆتایی شه‌قامه‌كه ئیناره‌ی هه‌یه و گه‌وره‌ترین پردی هێڵه جیاوازه‌كانی هه‌یه كه سێ قاته‌و سه‌رجه‌م ئه‌و رێگایه‌نه‌ی به تاسلوجه‌دا تێده‌پڕن جیا ده‌كاته‌وه.
هه‌موو ستافی جێبەجێکاری ئه‌م پرۆژه‌یه له A تا z ناوخۆییه‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیای قه‌یوانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن.
ئه‌م شه‌قامه تاكه شه‌قامه كه ئه‌ستووری هه‌رسێ چیینهكهی قیركردنی 27سم كه چینی كۆتاییه‌كه‌ی بریتییه له 7سم پۆلیمه‌ری پلاستیكی كه مادده‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌ڵمانییه‌و كه شه‌قامه مۆدێرنه ستانده‌ره‌كانی پێ روپۆش ده‌كرێته‌و بۆ یه‌كه‌مینجاره له‌عێراق به‌كارده‌هێنرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌نیوز، له‌دوای ته‌واوبوونی ئه‌م پرۆژه‌یه سلێمانی قۆناغێكی نوێی گه‌وره‌ی بهرفروانبوون به‌ره‌و باشور و باشوری رۆژهه‌ڵات به‌خۆیه‌وه ده‌بێنێت كه به‌درێژایی 31 كیلۆمه‌ترو پانایی 3400 مه‌تر زه‌وی بۆ سه‌ر ماسته‌ر پلانی شاری سلێمانی زیاد ده‌بێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌نیوز ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵه تیمه‌كانی كشتووكاڵی سلێمانی و شاره‌وانی سلێمانی و تاپۆی سلێمانی كار له‌سه‌ر كوژاندنه‌وه‌و ئیستیملاكردنی ئه‌و زه‌وییانه ده‌كه‌ن و تیمێكی هونه‌ریش سه‌رقاڵی دیزاینكردنی ئه‌و زۆنه نوێیه‌یه كه پێكدێت له‌سه‌دان پارچه زه‌وی نوێ بۆ سێكته‌ره‌كانی نیشته‌جیبوون و پیشه‌سازی و كشتووكاڵی و گه‌شتیاری و پزیشكی و په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی و كه ئه‌بێته هۆكاری دروستبوونی هه‌زاران هه‌لی كار‌و زیادبوونی سه‌دان دۆنم باخچه‌و سه‌وزایی بۆ سلێمانی.
چه‌ند زانیارییه‌كی تر كه لهڤیدیۆكهی فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاری له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری ئاماژه‌ی پیكراوه:
* درێژی: 37 كیلۆمه‌تر، 26 كیلۆمه‌تری له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا به ڕووی هاووڵاتییاندا ده‌كرێته‌وه!
* ژێرخانی به‌هێز: یه‌ك ئۆڤه‌رپاس، 5 ئه‌نده‌رپاس، یه‌ك پردی به‌رز، 7 یه‌كتربڕ و 68 ئاوبه‌ر.
* كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی: كێشه‌ی هاتوچۆ له ناو شار كه‌م ده‌كاته‌وه و هاتوچۆ ئاسانتر ده‌كات.
* بووژانه‌وه‌ی ئابووری: ئاسانكارییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ جوڵه‌ی بازرگانی و ئابووریی شار.
PM:06:35:01/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 552
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت