مەسرور بارزانی: سەرباری رێگرییەکان توانیمان سووربین لەسەر ئەو باوەڕانەی هەمانە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانمان و بەردەوام بووین
وێستگەنیوز_
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر خۆی یەکەم داری لە پرۆژەکەدا چاند و رایگەیاند: ئێمە بە نەرمی و هێمنی بەردەوام دەبین لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
لە لێدوانێکیدا مەسرور بارزانی لەبارەی گرنگی ئەم پڕۆژەیەوە رایگەیاند: پشتێنەی سەوزایی كاریگەریی زۆری لەسەر كەشوهەوای هەولێر دەبێت.
سەرۆکی حکومەت لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، "ئەمڕۆ گرنگ و مێژووییە، چونکە بەڕاستی بۆ نەوەی داهاتوو زۆر زۆر گرنگە و بۆ ئێستا و ئاوەدانی ئەمڕۆی کوردستانیش زۆر گرنگە."
ئاماژەی بەوەشکرد، فرەچەشنكردنی ئابووریی كوردستان لە پلان و بەرنامەی ئێمەدا بووە، هەموو ئەو كارانەی كردوومانن بۆ ئەوە بووە وڵاتەكەمان ئاوەدانتر بێت
وتیشی: لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە ژینگەیەكی تەندروستتر دابین دەكرێت.
"زۆر گرفتیان بۆ دروست كردین بۆ ئەوەی نەتوانین پڕۆژەكان جێبەجێ بكەین، بەڵام سوور بووین لەسەر ئەو باوەڕانەی هەمانە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانمان بەردەوام بووین." مەسرور بارزانی وای وت.
دووپاتیشی کردەوە کە، دەرگا بۆ كەرتی تایبەت واڵایە بەشداریی لە سەرخستنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بكەن، هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیەش زۆر بە خێرای و بەشێوەیەکی بەردەوام کاری تێدا دەکرێت.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنیش، مەسرور بارزانی دەڵێت: "بەشدارییەکی کارامان لە هەڵبژاردنی عێراقدا دەبێت و پێمان وایە کاندیدانی پارتی دەتوانن داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن و کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی تایبەت بە گەلی کورد بکەن. نوێنەرانمان بەرگریی لە مافی هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن."
پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شاری هەولێردا بە شێوەی بازنەیی دەبێت و حەوت ملیۆن دار زەیتوون و فستەق دەچێندرێن، هەروەها دەیان پۆند بۆ ئاودانی دارەکان پرۆژەی سەوزایی دروست دەکرێن و بەم پرۆژەیەش ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 25% زیاد دەکات، کە ستانداردی جیهانییە.
هەروەها پێشتێنەی سەوزایی هەولێر پانیەکەی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەشی 83 کیلۆمەترە، لە هەشت زۆن پێکهاتووە، لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن.
AM:10:40:30/10/2025
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت