مەسعود بارزانی لە پێنجەمین کۆنفرانسی جینۆساید: مەزنی گەلی کورد لەوەدایە دەسەڵاتی هەبوو بەڵام تۆڵەی نەکردەوە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکدا لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد، لە شاری دهۆک ڕایگەیاند، "ڕاستە زۆر کەسانی ئازیز و خۆشەویستمان لەدەستدان، ئەوان بە سەربەرزی چوونە دیداری خوای خۆیان و پلەی شەهیدییان بەدەستهێنا، بەڵام ئەوانەی تاوانی لە دژیان ئەنجام دان، بە ڕوو ڕەشی و شەرمەزای چوونە دیداری خوای گەورە." 

مەسعود بارزانی رایگەیاند، داوا لە پەرلەمانی وڵاتانی جیهان دەکەم جینۆسایدی کوردستان بە فەرمی بناسێنن، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش قەرەبووی ئەو خەڵکە بکاتەوە، چونکە تاوانەکان هێندە مەزنن کە مەزەندە ناکرێن. 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم جینۆسایدی کورد لە فەیلییەکانەوە دەستیپێکرد و تەواوی پرۆسەکە بە پیلان و بەرنامە ئەنجامدرا.

ئاشکراشی کرد، "لەو ڕۆژەوەی خوای گەورە دەسەڵاتی بە گەلی کورد داوە، نەچووە تۆڵەی خۆی بکاتەوە؛ بە تایبەت لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دوو فەیلەقی سوپای عێراق کەوتنە ژێر دەستی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە، ئەو کات یەک سەربازی عێراقیش، نەکوژرا و ئیهانە نەکرا. ئەوان، هەر ئەو سەربازانە بوون کە زیاتر لە 4500 گوندی ئێمەیان وێران کردن و ئەنفال و چەندان تاوانی دیکەیان لە دژی گەلی کورد ئەنجام داوە."

دووپاتیشی کردەوە کە، "مەزنی گەلی کورد لەوەدایە دەسەڵاتی هەبوو بەڵام تۆڵەی نەکردەوە". 

سەرۆکی پارتی وتیشی: "جیهان قەدری ئاشتەوایی کورد نازانێت، پێویستە هەمووان لە گەلی کوردەوە فێری ئاشتی ببن و ئەوەی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، پێویستە گەرەنتی ئەوە بدرێت، تاوانەکانی سەدەی ڕابردوو لە دژی گەلی کورد دووبارە نەکرێنەوە و ناکرێت کەسانی بێتاوان بکوژرێن لەبەر ئەوەی تەنیا کوردن."


AM:11:18:28/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت