وتەبێژی یەکێتی و پارێزگاری هەولێر جنێو بەیەکتر دەدەن


وێستگەنیوز_

هەریەک لە کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لێدوانی تووندی دژ بەیەک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکاردەهێنن و جنێو بە یەکتر دەدەن. 

لە چاوپێکەوتنێکدا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی لێدوانی چییە لەبارەی ئەو کەسانەی وەڵامی پەیامەکەی بانگەشەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان داوەتەوە کە لە شاری کۆیە بە لایەنگرانی حیزبەکەی وت، کاروان گەزنەیی وتی: "وەڵامی خەڵکی لەگام نادەمەوە، من هەولێریم و هیواداریشم هەولێرییەکان بۆی تەرجومە بکەن". 

فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە (کوردی - کوردی)، وشەی لەگام'ـی بە واتای (کەسێکە کە زۆر کلکەلەقێ و ڕووپامایی بکات، چەورە، زگ لەوەڕێن، گەوج، خوێری، بگەڕ، کەسێکە زۆر ماڵان بگەڕێ، گەڕیدە.-ی(کە.جا.):گەوجی) لێکداوەتەوە و ئەم واتایانەی سەرەوەی بۆ نوسیون. 

لە بەرامبەر ئەم قسەیەدا، ئومێد خۆشناو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی: 

"وەڵامێک بۆ ووتە گێژە لەگامەکەی ینک.

ئێستا زانیم ووتە بێژە لەگام و لەگلەگیەکەی ، ی ن ک، شەکرێکی شکاندوە.

سەیرە پیاو ڕووی هێندە قایم بێت، لەماوەی کەمتر لە دە ساڵی کاری ڕێکخراوەیی، سێ جار بە ئاشکراو دوو جاریش بە نهێنی، ئەو پەت و ئەو باڵ ئەو حزب و حزبۆکەی کردبێ، کەچی ئێستا ڕووی هەبێ قسەبکات!.

کاری لەگامی هی ئەو کەسانەیە نەک هەر بۆ کاربەدەستانی حزب لەگامی بکات، ئەو لەکلەگیە، ئێستا شەش قەدەم بە پێش لەگامی کەوتوە، بەڵکو گەیشتۆتە ئاستێک بۆ پارە دارو بزنس مانەکانیش دەست لەسەر سینگ وەستاوەو لەگامە…!

کاکی برا، ئێمە لەو توخم و تایپانەین، سەر ڕاست، بێمەنت لە هەر کەسێک، دڵ و دەرون و کردارو گفتارمانە یەکەو قەرزداری کەس نیین و درەنگیش نەهاتووین، بەڵکو پەیمانێکمان هەیە بۆ گۆڕو ئەبەدە، ئەویش پەیمانی تا مردن بۆ ڕێ و ڕێبازەکەمان.

نەک وەک خەڵکێک شەو لەسەر پەتێک و ڕۆژیش لەسەر پەتەکەی تر، هەر ئەو جۆرە توخمانە دەبنە پسپۆڕ لە بواری داهێنانی لەگامی و ئێستاش سۆشیال لەگ لەگین.
ئێمە بە باوەڕ دژی لەگامی و ئێوەش بەئیمان لەگام و لەگ لەگی…."


ئەم لێدوانە دژ بەیەکە تووندانە و جنێودان بە یەکتر لە کاتێکدایە، بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەو قۆناغەکانی کۆتایی دەڕوات و نزیکدەبینەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. بەشێکی لایەنگران و بەرپرسانی باڵای حیزبەکانیش، لێدوانەکانیان بۆ بانگەشە و بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، تووند کردووەتەوە و یەکتری بە وشەی جیاواز تۆمەتبار دەکەن یاخود ناراستەوخۆ پەیامی جیاواز بۆ یەکتر دەنێرن.


PM:12:02:27/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت