لە 30 رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار دۆلار لە عێراق بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی خەرج کراوە


وێستگەنیوز_

بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵىژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ماوەی 30 رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار دۆلار لە عێراق بۆ پۆستی سیاسی خەرج کراوە کە زۆرترینی لە بەغدا و کەمترینی لە هەڵەبجە بووە.
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی تۆڕەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسەپ دەکات، لە 24ـی ئەیلوول بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە سەرانسەری عێراق ملیۆنێک و 424 هەزار و 963 دۆلار خەرجکراوە و لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین پارەیان بۆ پۆستی سیاسی خەرج کردووە، بەشێوەیەک تەنیا یەک کاندیدی پارتی زیاتر لە 5 هەزار دۆلاری داوە بە سپۆنسەری پۆستە سیاسییەکانی پەیجەکەی. 
 
کۆمپانیای مێتا ئاشکرای کردووە، بڕی 473 هەزار و 713 دۆلاری ئەو بڕە لە ماوەی حەوت رۆژدا (لە 17ـی تشرینی یەکەم بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025) خەرجکراون کە رۆژانەی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون.
   
بڕی خەرجکردنی پارە لە سپۆنسەرکردنی پۆستە سیاسییەکاندا لە ئاستی پارێزگاکاندا رەنگدانەوەی ململانێ سیاسییەکانە بەشێوەیەک ئەو بازنانەی زۆرترین ململانێی سیاسییان تێدایە زۆرترین پارەیان تێدا خەرج کراوە.
 
خەرجکردنی پارە بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی لە ماوەی 30 رۆژدا لە 24ی ئەیلوول بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەم شێوەیە بووە:
 
بەغدا
342 هەزار و 573 دۆلار 
نەینەوا
 120 هەزار و 574 دۆلار  
سلێمانی
81 هەزار و 458 دۆلار 
بەسرە
 80 هەزار و 238 دۆلار 
زیقار
 77 هەزار و 290 دۆلار
بابل
74 هەزار و 461 دۆلار
هەولێر
72 هەزار و 570 دۆلار 
نەجەف
71 هەزار و 672 دۆلار 
دیالە
63 هەزار و 318 دۆلار
کەرکووک
48 هەزار و 981 دۆلار
سەلاحەدین
46 هەزار و 660 دۆلار
دیوانیە
46 هەزار و 208 دۆلار 
کەربەلا
44 هەزار و 516 دۆلار
واست
42 هەزار و 24 دۆلار
ئەنبار 
37 هەزار و 643 دۆلار
مەیسان 
35 هەزار و 165 دۆلار 
دهۆک
32 هەزار و 827 دۆلار
موسەننا 
30 هەزار و 844 دۆلار
هەڵەبجە 
3 هەزار و 961 دۆلار
  
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەیجی بزووتنەوەی حقووق (کە سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵایە) لە ئاستی عێراقدا زۆرترین پارەیان لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرج کردووە کە بڕەکەی 13 هەزار و 590 دۆلار بووە.
    
لە پلەی دووەمیشدا پەیجی مەحمود حوسێن دێت کە بڕی 12 هەزار و 611 دۆلاری خەرجکردووە، پلەی سێیەم پەیجی بزووتنەوەی حقووق – بەسرە دێت کە بە بەهای 12 هەزار و 577 دۆلار سپۆنسەرییان کردووە.
 
پەیجی هاوپەیمانیی سقوڕنا بە خەرجکردنی 10 هەزار و 836 دۆلار لە پلەی چوارەم دێت، لە پلەی پێنجەم پەیجی راگەیاندنی هاوپەیمانی سقوڕنا دێت کە بە بەهای 10 هەزار و 836 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە.
 
پەیجی بزووتنەوەی حقووق – بەغدا، بە خەرجکردنی 8 هەزار و 984 دۆلار لە پلەی شەشەم دێت، لە پلەی حەوتەم پەیجی هاوپەیمانی سقوڕنا - دیالە دێت کە بە بەهای 8 هەزار و 734 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە.
 
پەیجی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلەی هەشتەمە کە بڕی 8 هەزار و 502 دۆلاری خەرجکردووە، لە پلەی نۆیەم پەیجی نووری ئەحمەد رەحیم شەممەری؛ کاندیدی لیستەکەی سوودانی دێت کە بڕی 7 هەزار و 369 دۆلاری خەرج کردووە، لە پلەی دەیەم پەیجی هاوپەیمانی سادیقوون - بەسرە دێت کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهیلی حەقە و قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیی دەکات. لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 20 دۆلاری خەرج کردووە.
 
هاوکات، پارتە سیاسییە کوردستانییەکان و کاندیدەکانیان لە ئاستی عێراق بۆ خەرجکردنی پارە لە سپۆنسەری پۆستی سیاسیدا بەراورد بە لایەنە عێراقییەکان و بەرژێرانیان پارەیەکی کەمتریان خەرجکردووە. 
 
پەیجی بناس دۆسکی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک یەکەمی هەرێمی کوردستانە کە بڕی 5 هەزار و 803 دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی خەرج کردووە. دواتر پەیجی بڕیار رەشید، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کودستان دێت لە سلێمانی کە بڕی 2 هەزار و 561 دۆلاری خەرجکردووە.
 
کاندیدانی دیکەی پارتی و یەکێتی لە زۆرینەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەم تاوەکو پێنجەمیان گرتووە لە بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو هەزار و 500 دۆلار و کەمتریان خەرج کردووە.  


PM:06:01:26/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت