نێچیرڤان بارزانی: لە بەرژەوەندی پارێزگای نەینەوایە پارتی بەهێزبێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی بۆ کاندیدانی نەینەوای پارتی لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو.


لە میانەی وتارێکدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "کاندیدانی نەینەوا نوێنەری سنوورێکی زۆر فراوان و گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق".

ئاماژەی بەوە کرد، "نەینەوا سنوورێکی زۆر فراوانە، بە هەموو نەتەوە و ئایینیەکان، سنوورەکەی ئێوە عێراقێكی بچووکە".

ئەوەشی خستەڕوو، "بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا بۆ هاوسەنگی و بەیەکەوە کارکردن و بەرژەوەندی سنووری نەینەوا و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، بۆ پاشەڕۆژی کوردستان و عێراق، پیویستە پارتی یەکەم بێت لە نەینەوا، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە لەو هەڵبژاردنە".

باسی لەوەشکرد، "لەهەر شوێنێک پارتی بەهێز بێت، ئارامی و ئاوەدانی هەیە، مەدەنییەت و پێشکەوتن هەیە، لەبەر ئەوە بەر لەوەی بەرژەوەندی پارتی بێت، بەرژەوەندی پارێزگای نەینەوایە پارتی بەهێزبێت، لە بەرژەوەندیی پێکهاتە ئایینیەکانە، پێکهاتەی نەتەوەیی، بۆیە پێویستە پارتی بەهێز بێت".

نێچیرڤان بارزانی وتی، "پێویستە ڕۆژی 11ـی 11 بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی پارتی بدەین".

وتیشی، "هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت و بۆی نییە پێکەوەژیانی نەینەوا تێک بدات، بە هەبوونی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکان، ئەرکی پارتی لە نەینەوا زەحمەتترە، بۆیە پێویستە وەکو هەموو جارێک توانا و هێزی خۆتان بسەلمێنن، لیستی 275ـی پارتی بەرەو سەرکەوتنێکی مەزن ببەن".

جەختی لەوەشکردەوە، "پارتی رۆڵێکی سەرەکی بینی لە ئازادکردنی عێراق ساڵی 2003، سەرکردایەتی پارتی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە نووسینی دەستووری عێراقدا، دوای ئەوە عێراق کەوتە دۆخێکی ناسەقامگیری ئاسایش، دواتر شەڕی داعش ڕووی لە عێراق کرد، دیدان عێراق کەوتە نێو ئاڵۆزی، بۆیە ئێستا قۆناغێکی زۆر هەستیار و گرنگە کە قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە، بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان، پێویستە پارتی بەهێزبێت، بۆیە پێویستە بەگڕ و تینەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان".

نێچیرڤان بارزانی باسی لە داعش کرد و ئاماژەی بەوەدا، "داعش لە ئەنجامی سیاسەتێکی هەڵە، خەمساردی خەڵکێک لە عێراق، دروستبوو".

راشیگەیاند، "عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە، بەڵام ئەم فیدراڵییەتە لە عێراق پەیڕەو ناکرێت، بەڵکو عێراق بە مەرکەزیەتێکی زۆر بەهێز بەڕێوەدەچێت، بۆیە هەمووان دەبینین هەمیشە عێراق کێشەی هەیە لەسەر مادەی 140 و پێشمەرگە و مووچە و بابەتی دیکە کە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بەڵام ئەگەر ئەمجارە بەهێزەوە بگەڕێینەوە بەغدا و بەرگریی لە دەستکەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بکەین، نوێنەرانی کوردستان نوێنەری کوردستان نین بە تەنیا، ئەرکی ئەم نوێنەرانە بەرگریی کردنە لەهەر پێکهاتەیەکە کە غەدری لێ دەکرێت، بۆیە پێویستە نوێنەرایەتی هەموو عێراق بکەن".

دووپاتیشی کردەوە، "پارتی خۆی ئامادەکردووە بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی دەستوور، چونکە کارەسات ئەو کاتە دروستبوو کە دەستوور جێبەجێ نەکرا".


PM:04:12:24/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو