ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه بۆ وێستگه‌نیوز: به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی به‌ده‌ست بێ نه‌خۆشخانه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنن
وێستگه‌نیوز-
د. ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه رایگه‌یاند، به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی به‌ده‌ستی ته‌واونه‌كردنی نه‌خۆشخانه‌كه‌یانه‌وه ده‌ناڵێنن، عه‌بدولله‌تیف جه‌مال ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراقیش، له هه‌وڵدایه بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی منداڵان له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه.
دكتۆر ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه بۆ وێستگه‌نیوز ئاشكرای كرد، به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی تائێستاش ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست ئه‌وه‌ی كه كۆمپانیایه‌كی هه‌ولێر به ناوی زاگرۆسه‌وه، نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی له ھه‌ڵه‌بجه ته‌واونه‌كردووه.
وتیشی: "كه‌موكورتییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان ناردووه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، كه به‌بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دیناره به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه داواشی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، ئه‌و كۆمپانیایه ناچار بكات، یان كه‌موكورتییه‌كان ته‌واو بكات، یان شایسته داراییه‌كانی ببڕێت و بیداته‌وه به ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه، تاكو پێداویستیی و كه‌موكورتی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی پێ پڕبكاته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه باسی له‌وه‌شكرد، كه وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقی ره‌زامه‌ندی داوه، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 200 قه‌ره‌وێڵه‌یی بۆ منداڵان له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه دروست بكرێت.
راشیگه‌یاند كه ته‌نها ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ماوه و وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق به راوێژكارانی سه‌رۆك كۆماری عێراقی راگه‌یاندووه، كه پاڵپشتی له‌م بابه‌ته ده‌كات و داوا له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات بڕیاری بۆ ده‌ربكات.
AM:10:25:24/10/2025
ئه‌م بابه‌ته 216
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت