وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چاكسازی لە پۆلیسی کوردستاندا دەکات
وێستگەنیوز-
وەزارەتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایدەگەیەنیت، لیژنەیەکیان بۆ چاكسازی و پێداچوونەوە بە ئەرک، پەیکەر، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزریی پۆلیسی کوردستان راسپاردووە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێک لەو لیژنانە کۆبووەوە کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک، پەیکەر، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان راسپێردراوه.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوەكهدا، پوختەیەکی لە بارهی دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاوڵاتییان خستە ڕوو، کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بە سەنتەرکردنی هاوڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "لە کۆبوونەوکەدا وەزیری ناوخۆ باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاوڵاتییانی کوردستان بگونجێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نووسینەوەی رێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە راسپێردراون".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راشیگەیاند، "وەزیری ناوخۆ لیژنەکەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاریی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە رێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وۆرک شۆپ بەش بکرێت و را و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێت و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووشە، وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و راهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە، دابەشکردن، شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
PM:10:13:22/10/2025
ئهم بابهته 1032
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت