شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: داوا دەکەین ژنان بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 22 تشرینی یەکەمی 2025، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق لە هۆڵی شەهید ئەلحەکیم لە زانکۆی بەغدا، لە چالاکییەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم ئامادەبوو لەژێر ناوی ژن و بڕیاردان، پشتگیری و سەرکردایەتی و کاریگەریی، بەدروشمی بەهوشیاری و دەنگی خۆی بڕیاردەدا و نیشتمان بنیات دەنێت.


لەمیانی وتەیەکدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە دوای تێپەڕبوونی 50 ساڵ هاتووەتەوە زانکۆی بەغدا کە بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات لەو زانکۆیەدا کە باوکی و مام جەلال تاڵەبانی تێیدا خوێندویانە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، گرنگی کۆنگرەکەشی دووپات کردەوە و بەرەنگدانەوەی باوەڕی قوڵی وەسفکرد بەوەی ژنان رۆڵی گرنگیان هەیە لە بنیاتی نیشتمان، بەوپێیەی پشتگیری ژنان تەنیا بژاردە نییە بەڵکو بنەمای پێشکەوتن و دادپەروەرییە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی عێراق بەرگەی شەڕ و قەیرانەکانیان گرت و بەهێزمانەوە و متمانەیان بەرۆلی میحوەری خۆیان هەبوو وەک بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە، کە نمونەیەکی پێشەنگیان پێشکەش کرد لە لێهاتوویی و باوەڕبوون بەتوانای گۆڕانکاری.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، خانمی یەکەمی عێراق رایگەیاند، "دەبێت دووبارە داوا بکەین کە ژنان بەشدارییەکی کارای تێدا بکەن نەک تەنیا لەکاندید بوون، بەڵکو لە بەجێگەیاندنی مافی دەنگدان بۆ زامنکردنی ئامادەبوونێکی راستەقینە و کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیدا. چونکە دەنگی ژن دەنگی دادپەروەرییە، بناغەی پەرەپێدان و یەکسانییە لە بڕیاردان".

لەمیانی گفتوگۆکاندا، ئەوە دووپاتکرایەوە کە کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم هەنگاوێکی ئاسایی نییە بەڵکو پرۆژەیەکی دوور مەودایە لەکاروانی پەرەپێدان و بنیاتنانی دەوڵەتدا، هەروەک داواش کرا کەبەرنامەی نوێی حکومەت، گرنگی بداتە ژنانی سەرکردە و پشتیوانیکردنیان بۆ بڕیاردان کەمتمانەبەخۆبوونی ژنان زیاتر دەکات.


PM:06:40:22/10/2025














ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو