لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن: ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتوچۆ نابێت و هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگاکان دانانرێت


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 10ـی 2025، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتوچۆ نابێت و هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگاکان دانانرێت. 

قەیس محەممەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هەردوو ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، جموجۆڵی هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت و هیچ قەدەغەیەکی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە، بردنەژوورەوەی کامێرا، مۆبایل، یان هەر ئامێرێکی وێنەگرتنی دیکە بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی نهێنی دەنگدان و سەلامەتی پرۆسەکە. وتیشی، لیژنەکەیان هەوڵ دەدات، کەشێکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بتوانن بە ئاسایی سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن، ئەم بڕیارەش هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.

لەبارەی پرۆسەی دەنگدانیش، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند، دەنگدەر ناتوانێت بچێتە ناو بنکەکانی دەنگدان بێ ئەوەی کارتی دەنگدانی پێ بێت، ئەمەش ڕێگر دەبێت لە ئەنجامدانی ساختەکاری.

 وتیشی: نابێت دەنگدەر هیچ ئامێرێکی تەکنەلۆژی، بەتایبەتی کامێرا و مۆبایل، لە کاتی دەنگداندا لەگەڵ خۆی ببات، و ئەگەر هەر کێشەیەک هەبوو، بەرپرسی بنکە دەتوانێت یارمەتی بدات.


AM:11:15:22/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو