وەزیری کارەبای هەرێم: بەهۆی پرۆژەی رووناکییەوە لە 80%ی هاوڵاتییان پارەیەكی كەمتر لە جاران دەدەن بە کرێی کارەبا


وێستگەنیوز-

كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "جێبەجێكردنی كارنامە وەزارییەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی 30 ساڵەی كارەبا چارەسەر دەکات".


ئاماژەی بەوەکرد، "لەكاتی ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە رووناكی 24 كاتژمێری بەشێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێ دەكرێت، كە لەگەڵ هەڵكشانی خێرایی هاوبەشانی كارەبا بۆ سەرووی 1.95 ملیۆن هاوبەش كە لەم كابینەیەدا نزیكەی 500 هەزار هاوبەش زیاد بووە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئێستا 4200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و بەرهەمهێنانی كارەبا لەم كابینەیەدا 1840 مێگاوات زیادكراوە، ئەم زیادەبوونە بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی وەزیران و كرێكاران و كارمەندانی وەزارەت و پشوودرێژی هاوڵاتییان و هەروەها لەڕێگەی ژمارەیەك چاكسازیی لە گرێبەستەكان و كەمكردنەوەی تێچوون و بەكارهێنانی وزەی پاك بەدەستهاتووە".

وەزیری كارەبا ئاماژەی بەو وێستگانەش كرد كە تێیدا بەرهەمهێنانی كارەبای لێ زیاد كراوە، وەک:

- وێستگەی بازیان بە توانای 750 مێگاوات،
- وێستگەی خۆرمەڵە بە توانای 500 مێگاوات،
- وێستگەی هەڵمی خەبات بەتوانای 300 مێگاوات،
- وێستگەی گەرمیان بەتوانای 165 مێگاوات،
- وێستگەی دێرەلۆك بەتوانای 38 مێگاوات،
- بەگەرخستنەوەی وێستگەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بە توانای 87 مێگاوات.
- چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكانی هەردوو وێستگەی كارۆئاوی (دوكان و دەربەندیخان) و هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی كارەبا لەگەڵ وەبەرهێنەكان.

وەزیری کارەبای هەرێم دەڵێت، "لەمەش گرنگتر پارێزگاریكردن بوو لە ژینگە كە توانیمان ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی پاك و خاوێن بۆ سەرووی لە 84% بەرز بكەینەوەكە لەگازی سروشتی لە 83% و لە 1% كارۆئاوی، لەڕێگەی بەكارهێنانی گاز و وزەی خۆر و وزەی هایدرۆپاوەر پارێزگاری لە ژینگە كرا كە مەترسی زۆری بۆ سەر سەلامەتیی تەندروستی هاوڵاتییان هەبوو. ئەو هەموو موەلیدەیە كە بەگازی ژەهراوی كاریان دەكرد، پرۆژەی رووناکی گەورەترین دەستكەوتە بۆ سلامەتی هاونیشتمانیان. لە لایەکی دیکەوە وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان بۆ یەكەمینجارە لە ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بتوانرێت سوود لە غازی بەفیڕۆچووی كێڵگەكانی نەوت وەربگیرێت و لەبری ئەوەی بسووتێت و زیانی بۆ ژینگە و هاوڵاتیان هەبێت، دووبارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی كارەبا بەكارمان هێنایەوە، هەر لەم كابینەیەدا زیاتر لە 50 مێگاوات كارەبا بە سیستەمی وزەی خۆر پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا دانراوە".

دەشڵێت، "وێڕای نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە جێبەجێ کراون، لە هەمووشی گرنگتر دانان و بەستنی پێوەری زیرەك بوو بۆ لە 80%ی هاوبەشانی كارەبا، ئەم پێوەرەش بووە بناغە بۆ سەركەوتنی پرۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێری، بەم شێوەیە زیاتر لە 3353 پرۆژە لەكەرتی دابەشكردنی كارەبا و 61 پرۆژە لەگواستنەوەی كارەبا جێبەجێ کران".

کەمال محەمەد ئاماژەی بە چەند نموونەیەك لە وێستگەكان و پرۆژەكانی ڕاكێشانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی کرد، لەوانە دامەزراندنی وێستگەكانی (ئیسكانی نوێ و شێروان مەزن و دابینكردنی چوار وێستگەی مۆبایل بۆ سلێمانی و سەیدسادق و چەمچەماڵ و گەرمیان و ئازادی نوێ و كەسنەزان و رووناكی و بەرحوشتر و گردجوتیار و بارك و سەلاحەدین و نیشتمان و دیبەگە و باداوەی نوێ و مەخمور و تادوایی.. ) هەروەها ڕاكێشانی هێڵەكانی پاڵەپەستۆی بەرز وەكو ( بازیان – ڕاپەرین, تانجەرۆ- سەیدسادق و خەبات – ئیفراز و هەولێر – خەبات و سەنتەری هەولێر – رۆژئاوای هەولێر و دروستكردنی هێڵی گواستنەوەی 400 كەی ڤی نێوان هەرێم و عێراق و توركیا و كەلار- سەیدسادق و دانان و به‌ستنی هێڵ نێوان وێستگه‌كانى (( كه‌له‌كچى - قه‌سرۆك)، (به‌رده‌ڕه‌ش - داره‌توو)، ( سه‌رسه‌نگ - چه‌مانگێ )، (فایده‌ - شاریه‌)، (سه‌رسه‌نگ - بامه‌ڕنێ) و دەیان پرۆژەی دیكە.

وتی، "لەلایەكی دیكەوە دەیان گوند بەتایبەتی گوندە دوورە دەستەكان كارەبای نیشتمانیان بۆ راكێشرا و پێوەری زیرەك كە تاكو ئێستا بەردەوام لە سەنتەری پارێزگاكان و ئەو هاوبەشانەی پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێریان دەگاتێ بەردەوامە بۆ سەرووی 1ملیۆن و 345 هەزار هاوبەش دانراوە. ئەنجامدانی پڕوژەی پێوەری زیرەك بووە هۆی كەمكردنەوەی بە فیڕۆچوونی كارەبا لە 45% بۆ 31%. له‌ ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە توانرا له ‌14% داهاتی كارەبای بەفیڕۆچوو بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت و سوتانی گۆڕەری کارەبا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و سەدان سەرپێچی ئاشكرا كران و ژمارەیەكی زۆری دیكەی هاوبەشانی نوێی كارەباش كرایەوە، بەمەش تێچوویەكی زۆری كرێی كارەبا و بەفیڕۆچوونێكی كارەبا لەم بوارەدا چارەسەر كرا . لە تەوەرێكی دیکەی دیدارەكەی وەزیری كارەبا باسی لە دابەشكردنی كارەبا كرا كە 4,000,000 ملیۆن هاوڵاتی كە دەگاتە لە 50%ی هاوڵاتیانی سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری سوودمەند بوونە و 116,000 شوێنی بازرگانی و هەرچی ئەو دامەزراوە حكومی گشتی و كەرتی تایبەت و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و خزمەتگوزاریی گشتی هەیە كە كەوتوونەتە سنووری پرۆژەكەوە لێی سوودمەند بوون، لە ئێستادا كارەبای ٢٤ كاتژمێری گەیشتە ناوەندی شارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) و تەنانەت دەوروبەری سەنتەری شارەكانیش".

وەزیری کارەبای هەرێم وتیشی، "هەڵەبجە یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراق بوو، كە بووە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری, هەروەها چوار ملیۆن هاوڵاتی لەڕێگەی پرۆژەی رووناكییەوە لە 80%ی پارەیەكی كەمتر دەدەن لە ژینگەیەكی پاكترو سەلامەتتر دوای ئەوەی 3222 موەلیدە كوژێنرانەوە، ئەم كارەبایە ڤۆڵتییەكی جێگیر و ژیانێكی سەقامگیرتر بۆ خێزانەكان و كاسبكار و پیشەوەرانیش زامن كردووە، لە كۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری".


PM:01:28:21/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو