کەرکوک هاوردەکردنی پەلەوەر لە نەینەواوه قەدەغە دەکات


وێستگه‌نیوز-

دوای سەرهەڵدانی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسى ئەنفلۆنزای باڵندە لە پارێزگای نەینەوا، فەرمانگەی ڤێتێرنەری كەركوك، رێكارە خۆپارێزییەكانی توندكردەوە بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە.


هیبە ئەكرەم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی ڤێتێرنەری كەركوك بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، "رێكارە خۆپارێزییەكانيان، پشكنینی چڕ و گەڕان و بەدواداچون و نمونەگرتن لە باڵندەكان دەگرێتەوە بۆ پشكنین، تاكو بزاننن تا چەند ڤایرۆسەكە بڵاوبووەتەوە".

ئاماژەشی كرد، "مەبەست لە گرتنەبەری رێكارەكان پاراستنی سامانی ئاژەڵدارییە و رێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە، كە رەنگە زیان بە كەرتی كشتوكاڵی و خۆراك بگەیەنێت".

ئەو بەرپرسەی كەركوك دووپاتیكردەوە، "رێنمایی توند دەركراوە بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی پەلەوەر لە پارێزگای نەینەواوە، لەگەڵ جێبەجێكردنی چاودێرییەكی توند لەسەر هەموو دەروازەكانی پارێزگای كەركوك".

باسی لەوەشكرد، كە گرنگە هاوكاری لە نێوان فەرمانگەی ڤێتێرنەری و وەزارەتی تەندروستی هەبێت، بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و پەلەوەرەكان و پێشكەشكردنی رێنمایی پێویست بە جووتیاران، سەبارەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە.


AM:10:58:21/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت