راوێژكارێکی سودانی بۆ وێستگەنیوز: كێشەی کەمئاوی هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە و چەند رۆژێكە رێكارمان گرتووەتەبەر
وێستگەنیوز_
د. تۆرهان موفتی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئاو رایدەگەیەنێت، كێشەی کەمئاوی هەرێمی كوردستانیش گرتووەتەوە و حكومەتی عێراق پێش چەند رۆژێك دەستی بە رێكارەكان كردووە بۆ چارەسەركردنی.
د. تۆرهان موفتی، بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "كێشەی ئاو كێشەیەكی جیهانییە، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتتر له وڵاتی عێراق و رێژەی وشكەساڵی لەم ساڵدا، یان بێ ئاوی لە دوا ساڵی بارانباریندا، لە توركیا لە 60% بووە، لە ئێران و عێراق و سوریا زیاتر لە 60% بووە و حەوزی رووباری ئاوی دیجلە و فوڕات لەم چوار وڵاتەدان، بۆیە ئەم چوار وڵاتە گرنگە بەلای ئێمەوە".
ئاماژەشی كرد، "لە هەموو ناوچەكەدا کەمئاوی بوونی هەیە، بەڵام كاریگەری لەسەر عێراق لە هەموو وڵاتەكانی دیكە زیاترە، چونكە لە خوارەوەی رووبارەكەیە، لەبەر ئەوە بەپێی پێویست ئاوەكە ناگاتە عێراق"
راوێژكارەكەی سودانی وتی، "دەوڵەتی عێراق چارەسەری خێراو و ستراتیجی گرتووەتەبەر، لەوانە پێش چەند رۆژێك دەستیكردووە بە لادانی هەموو سەرپێچی و پەمپی ئاوەكان و دەریاچە نایاساییەكانی سەر دەریای دیجلە و فورات".
وتيشى، "خشتە بۆ بەروبوومی كشتوكاڵی دانراوە، تاكو ئاو بەفیڕۆ نەڕوات، چونكە لە 80% ئاوەكانمان بۆ كەرتی كشتوكاڵییە و سەرنجام پڕۆسەی پارێزگاریكردن لە ئاو لەم بێ ئاوییەدا، لە رێگەی خشتە دانانەوە دەبێت بۆ كەرتی كشتوكاڵی و ئەم رێكارانە بەردەوام دەبن و مانگێكمان لە بەردەمدایە و وەرزی زستان دێتە پێشەوە".
دووپاتیشیكردەوە، "هەرێمی كوردستانیش وەك عێراق پشتی بە ئاوی دیجلە و فوڕات بەستووە و هەمووان كەوتوونەتە بەر كاریگەری بێ ئاوی و گۆڕانی كەشوهەوا، هەمووان لەسەر حەوزی دیجلە و فوراتن و كەوتنەتەبەر كاریگەری بێ ئاوی".
بە وتەی تۆرهان موفتی، "ئێمە تائێستا نەكەوتووینەتە بارودۆخێكی مەترسیداری كەم ئاوی و وشكەساڵییەوە، ترس هەیە بەڵام لەگەڵ ئەو رێكارانەی حكومەتی عێراق گرتوێتیەبەر و بە هاوكاری هاوڵاتییان بە تایبەتی جووتیاران لەگەڵ دەوڵەتدا، بێگومان هیچ كێشەیەكمان نابێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ وێستگەنیوز راوێژكارەكەی سودانی دەڵێت، "بابەتی ئاو تەنها پەیوەست نییە بە حكومەتەوە بەگشتی، بەڵكو لەهەمان كاتدا پشت بە هاوڵاتییان و دەوڵەت دەبەستێت، وەك دۆسییەكانی تر نییە تەنها پشت بە دەوڵەت و حكومەت ببەستێت و لەو باوەڕەشدا نیم كێشەیەكی راستەقینە هەبێت لە كەرتی ئاو".
PM:09:54:20/10/2025
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت