ڤیان دەخیل: مەسعود بارزانی داوامان لێدەكات كار بۆ هەموو عێراق بكەین و كوردستان نموونەیەكی دەگمەنە لە ناوچەكە


وێستگه‌نیوز-

ڤیان دەخیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەموو كۆبوونەوەكان داوامان لێ‌ دەكات كار بۆ هەموو عێراق بكەین بەبێ‌ جیاوازی.


ڤیان دەخیل، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی فەلوجە ئاشكرای كرد، "لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەی مەسعود بارزانی بەڕێوەی دەبات و ئێمە ئامادەی دەبین، زۆر پێداگری دەكات لەسەر بابەتێكی زۆر گرنگ و پێمان دەڵێت، ئێوە وەكو پەرلەمانتار و كاندیدكراوان دەبێت كار بۆ هەموو عێراق بكەن".

ئاماژەشی كرد، "لەو كۆبوونەوانەدا داوامان لێدەكات، ئەگەر هاتوو ستەمتان لە هەرچ پارێزگایەك بینی، ئەگەر لە موسەنا بوو، لە ناسرییە بوو، لە نەینەوا بوو، لە سەڵاحەدین بوو، لە كەركوك بوو، دەبێت بەرگری لێبكەن، وەك ئەوەی بەرگری لە ستەمێك بكەن كە لە دهۆك یان له سلێمانی یان له هەولێر روویدابێت و ئەمه پڕۆگرامی نەگۆڕی ئێمەیە".

سەبارەت بە پاڵپشتییەكانی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڤیان دەخیل وتی، "ئەمریكا راستەوخۆ پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵكو پاڵپشتی عێراق دەكات بەگشتی لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنە ستراتیجییەی لەنیوانیاندایە و هێزەكانی ئەمریكا بە رێكەوتنی حكومەتی عێراق و بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتوونەتە خاكی عێراق و بە داگیركەر هەژمار ناكرێن".

دووپاتیشیكردەوە، "هەرێمی كوردستان نموونەیەكە كە لە ناوچەكەدا وێنەی نییە و لە هەموو وڵاتانی دراوسێ‌ هەرێمێكی تیادا نییە وەك ئەزموونی هەرێمی كوردستان بێت و ئەزموونێكی دەگمەن و سەركەوتووە لە ناوچەكەدا".


PM:08:16:20/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو