قاسم ئەعرەجی: عێراق رێگە نادات خاک یان ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە هەر وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت


وێستگەنیوز-

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاک و ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران یان هەر وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، "عێراق بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاک یان ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران یان هەر وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت".

ئەعرەجی جەختی لە پابەندبوونی تەواوی بەغدا بە رێککەوتننامە ئه‌منییه‌كه‌ی لەگەڵ تاران کردەوە و وتی، "حکومەتی عێراق کار بۆ پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر گرژییەک دەکات کە لەوانەیە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی بکات".

وتیشی، "عێراق سکاڵایەکی فەرمی دژی ئیسرائیل پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە"، روونیشیکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و لە دیداری لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی وڵاتان، هەڵوێستی بەغدای دووپاتکردەوە کە رەتیدەکاتەوە ئاسمانیی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سەر ئێران بەکاربێت.

ئاماژەی بەوەدا، "بەشداریکردنی عێراق لە لوتکەی شەرم شێخ بە ئامانجی راگرتنی کۆمەڵکوژییەکان بوو لە غەززە، ئەمڕۆ ناوچەکەمان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل دەناڵێنێت، نابێت رێگە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززه‌ بدرێت".

ئەعرەجی راشیگەیاند، "عێراق دژی سەپاندنی هەر جۆرە سزایەکە بەسەر وڵاتانی دیکەدا، ئێمە بڕوامان وایە کێشەکان دەبێت لەڕێگەی دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن".

هاوكات لاریجانی رایگەیاند، "ژمارەیەک پرسی گرنگی ئەمنیمان لەگەڵ ئەعرەجی تاوتوێ کرد، پێداچوونەوەمان بەو بابەتانە کرد کە لە کاتی سەردانەکەی پێشووم بۆ بەغدا خستمانەڕوو، بەڵام تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان ئەمجارە فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بوو لە نێوان هەردوو وڵاتدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق وڵاتێکی دۆست و برای ئێمەیە، ئەعرەجیش یەکێکە لە پێشەنگەکانی ئەم پەیوەندییانە".


PM:05:47:20/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو