مەسرور بارزانی: هەتا پارتی هەبێت کەس ناتوانێت بیر لە داگیرکردنی کوردستان بکاتەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی لە هەولێر رایگەیاند "سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی بۆ ئێمە دروست کران، هەموو ئەو پلانانەی لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئێمە داڕێژران، ئێمە بە پڕۆژە و دەستکەوت وەڵامی ناحەزانمان دایەوە، ئەمانە دەسکەوتی خۆتانن و پێویستە شانازی بەخۆتانەوە بکەن".


ئاماژەی بەوەکرد، "لە بەغداوە بە نەیارەکانمان دەڵێین ناتوانن بمان شکێنن، هەتا پارتی هەبێت کەس ناتوانێت بیر لە داگیرکردنی کوردستان بکاتەوە".

مەسرور بارزانی جەختی لەوەشکردەوە، "پارتی رێگەنادات بەغدا وەک هاوڵاتی پلە دوو سەیری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، پارتی نەبێت کەس نییە بەرگریی لە مافەکانی خەڵک بکات".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، "نوێنەرانی پارتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەچنە بە‌غدا، پارتی بەهێزترین و گەورەترین حزبە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان".

وتیشی، "ئەمجارە داوای مافی تاک بە تاکی عێراق دەکەین، هەروەها ئەمجارە خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان دەدەین".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، "لایەنگرانی پارتی دەتوانن بە دوژمنانی کوردستان بڵێن، ناتوانن بمان وەستێنن".

ئاماژەی بەوەشدا، "هەرێمی کوردستان پەناگەیە بۆ ئەوانەی لەدەست تووندڕەویی هەڵهاتوون، هەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".


PM:03:41:20/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو