فازڵ میرانی: زۆرینه‌ی حزبه‌كانی عێراق پاشكۆی وڵاتێكن


 وێستگه‌نیوز- 
فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق دیزاین كراوه‌ و عێراق سه‌روه‌ری بڕیاری سیاسی و خاكی نییه‌"، ده‌شڵێت: "زۆرینه‌ی حزبه‌كانی عێراق پاشكۆی وڵاتێكن".

فازڵ میرانی بۆ كوردستان24 وتی‌: "هه‌ڵبژاردن بكرێت باشتره‌، ناتوانم بڵێم عێراق وڵاتێكی په‌رله‌مانی، دیموكراتییه‌ وه‌كو له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، به‌ڵام پێكهاته‌ی عێراق، وه‌كو وڵاتێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و فره‌ ئایین، فره‌ هێزی سیاسی، دادپه‌روه‌ری تێدا نییه‌".
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "كاندیدێك له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، ده‌بێت به‌لای كه‌مه‌وه‌ 20 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت تا ببێته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌ 500 تا 2 هه‌زار ده‌نگ كاندید ده‌بێته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، بۆیه‌ دادپه‌روه‌ری له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن نییه‌".

"لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی عێراق هه‌ڵبژاردنیان دیزاین كردووه‌، لایه‌نه‌ شیعییه‌كان زۆرینه‌ن، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاساییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، كۆمسیۆن به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیان له‌ده‌سته‌، ئه‌و یاسایه‌ له‌ به‌غدا بۆ خۆیان، وه‌ك جلێكه‌ بۆ خۆیان دوورێبیتیان، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ 100 كورسیش بین له‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌مینه‌ین، دروشمی ئێمه‌ سازان، هاوبه‌شی، هاوسه‌نگییه‌، چونكه‌ بنه‌مای ده‌ستووری عێراق ئه‌مه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ له‌گه‌ڵ كورد به‌كاربێنن، ئێمه‌ حزبێك نین، ئێمه‌ میلله‌تێكین، نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مین له‌ عێراق، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ ته‌وافق پرسه‌كان چاره‌ بكرێن، ده‌ڵێت: پێكنه‌هێنانی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شیعه‌یه‌"، فازڵ‌ میرانی‌ واده‌ڵێت.


ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "عێراق سه‌روه‌ری نییه‌ چونكه‌ ناتوانێت هیچ بڕیارێك به‌بێ ئێران بدات، توركیا به‌شێكی وڵاته‌كه‌ی داگیركردووه‌ و ناتوانێت قسه‌ بكات، پارتی كرێكارانی كوردستان ناوچه‌ی شنگالی داگیركردووه‌ ناتوانێت وه‌ری بگرێته‌وه‌، به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ئێمه‌ له‌ ڕانیه‌، پشده‌ر، برادۆست، نێروه‌ و ڕێكان، به‌رواری، تا ده‌گاته‌ چۆمان و گه‌ڵاڵه‌، نه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی تێدایه‌، نه‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی، پارتی كرێكارانی كوردستانی تێدایه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم عێراق سه‌روه‌ری نییه‌.

راشیگه‌یاند كه‌ "عێراق نه‌ له‌ بڕیاری سیاسی سه‌روه‌ری هه‌یه‌، نه‌ له‌ پاراستنی خاكه‌كه‌ی، زۆرینه‌ی حزبه‌كانی عێراق پاشكۆی وڵاتێكن".




PM:11:48:19/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو