وەزارەتی شارەوانیی هەرێم: زیاتر لە شەش هەزار پێشمەرگە زەوی وەردەگرن


وێستگەنیوز-

سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێكخستنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، یاتر لە شەش هەزار پێشمەرگە زەوی وەردەگرن.


ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2025، سەربەست مەولود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێكخستنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاندووە، "بەشێكی دیكەی رەزامەندیی تەرخانكردنی زەوی لە ئەنجومەنی وەزیران گەڕایەوە كە هەمووی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگەن، لیستەكە ناوی زیاتر لە شەش هەزار و 300 پێشمەرگەی یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە لەخۆدەگرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو ناوانەی كە بە لیست هاتوونەتەوە نووسراویان بۆ دەكرێت، رەزامەندییەكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری و بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جیا دەكرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەكانیان رەوانە دەكەین، بۆ تەرخانكردنی زەوی بۆیان".

سەربەست مەولود وتی، "لیستێكی دیكە كە زیاتر لە شەش هەزار ناوە، لە ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەوانیش (موتەفەریقەن) واتا ناوی فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەكانن و بەمنزیكانه لە ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە".

وتیشی، "لە قۆناغی كۆتایی وردبینی و ناردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەرانداین و نزیكەی 480 هەزار رەزامەندیی تەرخانكردنی زەوی لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و كارمەندانی ناوخۆ گەڕاوەتەوە".


AM:11:32:19/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت