سەلاحەدین بەهائەدین: یەكێتی و پارتی بەو هەموو پۆستە باڵایانەی کە لە بەغدا هەیان بووە، نەیان توانیوە كێشە و گرفتەکان چارەسەر بكەن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2025، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ ئەندامان و لایەنگران و رێكخستنەكانی یەكگرتوو لە قەزای چەمچەماڵ و شۆڕش و تەكیە رایگەیاند، "یەكێتی و پارتی بەو هەموو پۆستە باڵایانەی کە لە بەغدا هەیان بووە، نەیان توانیوە كێشە و گرفتە سەرەكیەكانی میللەتەكەمان چارەسەر بكەن و خزمەتی پێویست بە هاوڵاتییانی هەرێم بكەن، لەبەر ئەوەی هەر كەسێكیان ناردووەتە بەغدا وەك میوان بوەو كاری بۆ پڕكردنی گیرفانی و بەرژەوەندی حزبی كردووە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە رابردوو ئێستاشدا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان خەڵكانی دڵسۆز و دەستپاك و راستگۆ و بوێری ناردووەتە بەغدا و لەگەڵ كەمی ژمارە خزمەتێكی زۆریان بە خەڵك و خاكی كوردستان كردووە".
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیشیكردەوە، "كاندیدانی لیستی یەكگرتوو جارێكی دیكە بەڵێن دەدەن چۆن لە رابردوودا لەقۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەكاندا داكۆكیكاری مافی سەرەكی خەڵك و خاك بوون، لە داهاتووشدا بەزیادەوە بەردەوام دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش شەرم ناكەین و لەسەر هەموو ئاستەكان داوای پشتگیری لە هاوڵاتییان دەكەین و شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ سەرخستنیان".
سەڵاحەدین بەهائەدین وتی، "جارێكی دیكەش جەختدەكەینەوە كە ئاڕاستەكان بەرەو ئەوە دەڕۆن ئەگەر دەستكاری شەخسەكانیش نەكرێت بەدڵنیاییەوە دەستكاری حكومڕانی لەناوچەكە دەكرێت و بەئەگەری زۆرەوە عێراقیش بەدەر نابێت لێی، سەرەڕایی هەوڵەكانی تری دوا هەوڵی بەرپرسانی عێراق بۆ خۆبەدوور گرتن لەكردەی سەربازی پرۆسەی هەڵبژاردنە كە زلهێزانی جیهان و ناوچەكەش چاوەڕوانی ئەنجامەكەی دەكەن".
PM:06:10:18/10/2025
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت