فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی توركش ئێرلاینی راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز –
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند كه سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو هێڵی ئاسمانی توركش ئێرلاین گه‌شته ئاسمانییه‌كانی له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌ست پێ ئه‌كاته‌وه.
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی كه له‌لایه‌ن (هێڵی ئاسمانی توركش ئێرلاین)ه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی نێردراوه، وابڕیاره له (2025/11/3)ه‌وه گه‌شته ئاسمانیه‌كانیان له نێوان (ئه‌سته‌مبوڵ-سلێمانی-ئه‌سته‌مبوڵ) هه‌فتانه به (4) گه‌شت ده‌ست پێبكه‌نه‌وه".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات كه رۆژی پێنجشه‌ممه 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2025 سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكدا رایگه‌یاند كه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی كۆماری توركیا له كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی دا گه‌شته ئاسمانییه‌كانی هێڵی فڕۆكه‌وانیی توركیا بۆ سلێمانی ده‌ست پێبكه‌نه‌وه.
پێشتر و له رۆژی دووشه‌ممه 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2025، توركیا راگرتنی گه‌شته‌كانی بۆ ماوه‌ی سێ مانگی تر بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی درێژكرده‌وه.
یه‌كه‌مجار توركیا له 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕووی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیدا داخست، ئه‌وه‌ش به پاساوی "زیادبوونی چالاكییه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) له سنووره‌كه و زیادبوونی هه‌ژموونی ئه‌و پارته له فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا.
له ساڵی 2003دا به‌ردی بناغه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی دانرا و له ساڵی 2005 به فه‌رمی كرایه‌وه.
PM:03:25:17/10/2025
ئه‌م بابه‌ته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت