لاهور شێخ جەنگی نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی
وێستگەنیوز-
بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پاریزەرانی داکۆکیکار لە لاهور شێخ جەنگی و هاورێکانی و سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی لاهور شێخ جەنگی سەردانی بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی کرد، ئەم سەردانەش دوای ئەوەیە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بورهان رەشید گوڵە لە زیندان سەردانی لاهور شێخ جەنگی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، لەمیانەی سەردانەکەیدا لاهور شێخ جەنگی داوای لە بورهان رەشید گوڵە کردووە سەردانی عەتا محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات لەبارەی دەستگیرکراونی لالەزار و کێشەکانی یانەی نەورۆز و دیارنەمانی ئەو پارەی بۆ یانەکە تەرخانکراوە گفتوگۆی لەگەڵ بکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، بورهان رەشید گوڵە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە سەردانی عەتا محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لە سلێمانی کردووە و لەگەڵی کۆبووتەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەیان بورهان رەشید گوڵە رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەتا محەمەد دەربارەی پیویستی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگە و سیکوریتیانەی لە رووداوی لالەزاردا دەستگیرکراون گفتوگۆمان کرد و بەڵێنیدا بەدواداچوون بکات بۆ ئازادکردنیان".
ئاماژەی بەوەکرد، "گفتوگۆمان کرد دەربارەی ئەو پارەیەی بۆ نادی نەورۆز تەرخان کرابوو کە شەوی رووداوی لالەزار دیارنەماوە، عەتا محەمەد بەڵێنی بەدواداچوون بکات، هەروەها بەڵێنی دا بە تەرخان کردنی پارچە زەوی بۆ گەراجی یانەی وەرزشی نەوروز".
بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل بێت، لەبارەی نەگەڕانەوەی موڵک و ماڵی حەمە چاوشین گفتوگۆکراوە و بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەڵێنی کارئاسانی دا کە لەزووترین کاتدا بگەرێتەوە بۆ بنەمالەکەیان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "عەتا محەمەد بەڵێنی داوە بەدواداچوون بکات بۆ هەندێک کامێرا و کەلوپەلی زووم تی ڤی".
لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی، رووداوی لالەزار بروایان نییە بە دادگا چارەسەر بکریت، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە، بەتاکید پیویستی بە چارەسەری رەگ و ریشەیی هەیە بەمەبەستی ئاشتەوایی یەکی سەقامگیر.
PM:09:04:16/10/2025
ئهم بابهته 9420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت