دۆناڵد ترەمپ: جەنگ کۆتایی هاتووە و دڵنیام لە سەرکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس
وێستگەنیوز_
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و فڕۆکەکەی لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەبیب نیشتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەناو فرۆکەکەیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەوڵدەدەین هەمووان دڵخۆش بکەین و کار بکەین بۆ یەکگرتنی موسوڵمان، جوولەکە و هەموو پێکهاتەکانی دیکە.
دواتر سێ جار لەسەریەک بە رۆژنامەنووسانی وت" جەنگ کۆتایی هاتووە و دڵنیام لە سەرکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس."
"چەندین سەدەیە جەنگ بەردەوامە و خەڵکی بێتوانا کردووە، بۆیە دڵنیام لەمەودوا ئاگربەست سەرکەوتوو دەبێت و چیتر ئەم گرژیانە بەردەوام نابن." ترەمپ وای وت.
ئەوەی لە غەززە و ئیسرائیل روویداوە لە هیچ جێگەیەکی جیهان نەبووە، ئەم هەموو کێشە ئایینی و نەتەوەییە بێ وێنەیە، هەر بۆیە هەوڵدەدەین دەستەیەک بۆ بەرێوەبردنی ناوچەکە پێکبهێنین و بە یەکجاری جەنگ لەم ناوچەیە دوور بخەینەوە.
وتیشی: کوژرانی زیاتر لە 60 هەزار کەس و ئاوارەبوونی 2 ملیۆن کەس، دواتر گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵە وێرانەکانیان هەستێکی زۆر ناخۆشە و دەبێت کۆتایی پێبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە میسر لەگەڵ سەرکردەکان کۆدەبمەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی ترەمپە بۆ ئیسرائیل لەوەتەی بووەتەوە سەرۆکی ئەم ریکا و بڕیارە کاتژمێر 11:00 بە کاتی هەولێر و غەززە، لە پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە "کنێست،" گوتارێک پێشکێش بکات.
دواتر ترەمپ لە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بەرەو میسر بەڕێدەکەوێت و لە 01:45 دەگاتە میسر بۆ بەشداری لە لووتکەی ئاشتی، کە ئەمریکا و میسر سەرۆکایەتیی دەکەن.
پاشان راستەوخۆ لە کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بەرەو ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
AM:10:26:13/10/2025
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت