بافڵ تاڵەبانی بۆ سودانی: رێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتربکرێن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە و دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو رێککەوتنەدا خرانە بەر باس، بافڵ تاڵەبانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد رێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق یەکبخرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکێتی باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە".
PM:05:04:11/10/2025
ئهم بابهته 644
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت