هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستان: کێ پلاتفۆرەکەمان جێبەجێ بکات دەنگی دەدەینێ
وێستگەنیوز_
هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن: ڕادەگەیەنین کە هەر قەوارە و کاندید و حزب و لایەنێکی سیاسی کە ئامادەیە بەندە سەرەکیەکانی پلاتفۆرمەکەی ئێمە بکاتە پلاتفۆرمی خۆی و بەرگری لێبکات وەکو بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی، ئێمە ئامادەین بەپێی بنەمایەکی سیاسی لەگەڵیدا رێکبکەوین بە ئامانجی سەرخستنی کاندیدەکانیان.
لە یەکێک لە خاڵەکاندا، هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان دەڵێت: پلاتفۆرمی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئەوەیە کاربکرێت بۆ دەرچوواندنی یاسای بەڕەسمی ناسینی ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ئازادی خۆپیشاندان و ئازادیی رێکخراوبوون.
دەقی راگەیەندراوەکە:
سڵاو و ڕێزی زۆرمان
بەڕێزان فەرمون لەگەڵ ئەم بەیاننامەیە کە هی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراقە لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق..
بۆ بڵاوبوونەوە لە میدیکان و بڵاوکراوەکاندا، لەگەڵ سوپاس و پێزانینماندا..
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
ح.ک.ک.ک
١٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
ڕاگەیاندراوێک لە هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کوردستانەوە بۆ لیست و قەوارە
سیاسیە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی- ١١ی تشرینی دووەم ٢٠٢٥- پەرلەمانی عێراقدا
هەروەک ئاشکرایە کە کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە کە بڕیارە ١١ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت. ئەگەرچی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق، سەرەرای تێبینیە مەبدەئی و سیاسیەکانمان لەسەر هەڵبژاردن بەگشتی و هەڵبژاردن لەژێر سایە دەسەڵاتی میلیشیایی و دابەشکاری قەومی و مەزهەبی و تائیفیدا، بڕیاری بەشداریکردنمان دابوو، بۆ ئەوەی وەکو مەیدانێکی سیاسی لە ڕەوتی خەباتی سیاسی خۆماندا بەدەستیەوە بگرین و وەکو چۆن لە هەموو مەیدانەکانی تردا بەرگریەکی پەیگیرانەمان لە مافەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و کارمەندان و ژنان و لاوان کردوە، بەهەمان نەفەسەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانیش بکەینە مەیدانێکی دیکەی ململانێ و شەڕ لەسەر مافەکان و ئازادی و خزمەتگوزاریەکانی ئەوان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێ کەموکوڕی یاساییەوە سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، رێگانەدرا ناومان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆماربکەین. بەوهۆیەوە دەرفەتی ئەوەمان لە دەستدا کە پەرلەمانیش بکەین بە مەیدانی خەبات لە پێناو ماف و ئامانجەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا. بەڵام بێگومان لە دەستدانی ئەم دەرفەتە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە حزبەکانی ئێمە چ لە ناو پەرلەمان بن یان لە دەرەوەی پەرلەمان، خەباتی خۆیان بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەم دیدە، بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان و لاوان، بۆ بەرگری لە ئازادی و خۆشگوزەرانی، درێژەپێدەدەن.
لەسەر ئەو بنەمایەوە، ئێمە بەشداری لەو کەمپینەدا دەکەین کە قەوارە و حزب و لایەنە سیاسیەکان و بەڕێیانخستوە بۆ ناساندنی کاندید و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان. لەم پەیوەندەشدا ئێمە هەردوو حزب ئەم پلاتفۆرمەی خوارەوە دەخەینەڕوو، هاوکات ڕادەگەیەنین کە هەر قەوارە و کاندید و حزب و لایەنێکی سیاسی کە ئامادەیە بەندە سەرەکیەکانی پلاتفۆرمەکەی ئێمە بکاتە پلاتفۆرمی خۆی و بەرگری لێبکات وەکو بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی، ئێمە ئامادەین بەپێی بنەمایەکی سیاسی لەگەڵیدا رێکبکەوین بە ئامانجی سەرخستنی کاندیدەکانیان.
پلاتفۆرمی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی عێراق!
١/ کارکردن بۆ گۆڕینی یاسای کاری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٥ و دەرچواندنی یاسایەکی کاری پێشڕەوانە کە مافە بنەڕەتیەکانی چینی کرێکار؛ لە پەیوەند بە ئازادیی رێكخراوبوون، مانگرتن و خۆپیشاندان و بەڕەسمی ناسینی نوێنەرایەتی سەربەخۆی کرێکاران لە هەموو مەیدانەکانی پەیوەست بە مافەکانی کرێکارانەوە، دەستەبەر بکات.
٢/ کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسای بیمە کۆمەڵایەتیەکان کە لانی کەمی ژیان بەپێی ستانداردی هاوچەرخ بۆ هاوڵاتیان دابین بکات لەلایەن حکومەتەوە.
٣/ کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئەحوال شەخسی هەموارکراوی ساڵی ٢٠٢٤ و دەرچواندنی یاسایەکی مۆدێڕن لەبواری باری شارستانی و ماف و ئازادیەکانی ژنان.
٤/ کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسای بەڕەسمی ناسینی ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ئازادی خۆپیشاندان و ئازادیی رێکخراوبوون.
٥/ کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە خوێندنی خۆڕایی و ئیلزامی تا تەمەنی ١٦ ساڵ و دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ خوێندنی زانکۆ و خوێندنی باڵا.
٦/ کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای سزای زیندانی هەتاهەتایی و سێدارەدان .
٧/ کارکردن بۆ جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن
٨/ وەستانەوە دژی هەرجۆرە گەندەڵی و تاڵانکردنێکی داهاتی گشتی و رێگاگرتن لە گرانی و سەپاندنی باجی جۆراوجۆر بەسەر هاوڵاتیاندا
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
AM:10:52:11/10/2025
ئهم بابهته 556
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت