رۆژنامەیەکی عەرەبی: سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن زیندانیكراون و حیزبە دەسەڵاتدارەكان ترسیان لە بردنی كورسیەكانیان نەماوە


وێستگەنیوز_

رۆژنامەی "العالم الجدید" لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی (ساردی هەڵبژاردن ژاوەژاوی بانگەشە لە هەرێمی کوردستان دەکوژێنێتەوە، هۆکارەکانی چین؟) بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت:گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان دۆخێكی ساردی نائاسایی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەخۆوە دەبینێت، كە بڕیارە لە 11ی مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک بەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن، لە دیمەنێكدا كە تەواو جیاوازە لە گەرمی كێبڕكێکان و بانگەشە بەدەنگی بەرز، كە تایبەتمەندی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بوو.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، چاودێران ئەمە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە ، دیارترینیان، دەستوەردانی یاریزانە نێودەوڵەتییەکان و چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە، نەهێشتنی نەیارە دیارەكان و پشبەستنی دوو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بە بنکەی  جەماوەریی جێگيرى خۆیان بەهۆی مەحسوبیەتەوە.

ئارام مەجید، توێژەری کاروباری سیاسی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: تا ئەم دواییانەش حیزبە سەرەکییە کوردییەکان چاوەڕوانیان نەدەكرد هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەهۆی ترس لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە زوو خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە نەکرد.

ئەو توێژەرە سیاسییە هۆکارەکەی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ پاكتاوكردنی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەتایبەتی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و لایەن و سەرکردەکانی دیکە لە سلێمانی، لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، بەوەش وەک جاران ترسیان لە لەدەستدانی کورسی نەماوە.

هۆکاری سێیەمیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، بنکەی پشتیوانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی جێگیرە، ئەوان زیاتر پشت بە پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان و کادری راگەیاندنەکانیان و فەرمانبەرانی ناو فەرمانگەکانی حزب یان لە حکومەت دەبەستن، وەك لەوەی پشت بە شەقام ببەستن، بۆیە پێویستیان بە بانگەشە نییە، بەو پێیەی نوسینگەکانی رێکخراوە حزبیەکان بەسە بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنیان.

رێبین عەلی، توێژەری ئەکادیمی و سیاسی دەڵێت: "بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا بانگەشەی هەڵبژاردن ساردی بەخۆوە ببینێت، پارتی و یەكێتی دروشمی رەنگاو رەنگیان ئامادە كردبوو، هاوشێوەی ئەو دروشمانەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرزیان كردەوە، لە نموونەی،  یەکێتی دەيوت دەیڕوخێنین و  لەبەرامبەردا پارتی دروشمی  ناپاكیان بەرزکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتی. "


AM:10:34:08/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت