بافڵ تاڵەبانی: خوودی وشەکانی کاک لاهوور کە وتی من میلیشیام هەیە و تا مردن شەڕ دەکەم بەڵگەن بۆ ئەوەی چەندین بەڵگەی گەورەیان لە دژ هەیە


وێستگەنیوز_

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری میری لە شاری هەولێر رایگەیاند، هیچ دابەشبوونێک لەنێو یەکێتیدا نییە، لە ئیستادا لە هەموو کات زیاتر یەکگرتووین. دەشڵێت:  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردن یەک دۆلاری لە هیچ وڵاتێک نە وەرگرتووە و نە وەردەگرێت".

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، ئەگەر تەماشای هەڵبژاردنی رابردوو بکەین، هەر هەڵبژاردنێک لە ماوەی سەرکردایەتی نوێی یەکێتیدا، لە هەڵبژاردنی پێشتری باشتر بووە، ئێستا لە دۆخێکی زۆر بەهێزداین، هەر لایەنێک تووشی سەدمەی وەک یەکێتی ببوایە بۆ نموونە نەخۆشکەوتنی مام جەلال و سەرکردەکانی دیکە، نەیدەتوانی هەرگیز رزگاری ببێت، بەڵام ئێمە توانیمان بەسەریدا زاڵ بین. 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەیری سلێمانی بکەین، لە ماوەی سێ ساڵ لەمەوپێشدا، وەبەرهێنی بیانی تێدا نەبوو، بەڵام تیمی براکەم (قوباد تاڵەبانی) توانی چەندین پرۆژە بهێنێتە ئەم شارەوە و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بکات. سلێمانی کراوەیە بۆ وەبەرهێنان و کەس نایەت بڵێ دەبێت 50%ـی داهاتەکەی بدەیت بە من، ئەمە هۆکار بووە کە چەندین وەبەرهێن لە باشوور و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بێنە سلێمانی. 

سەبارەت بە مامەڵەکردنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا و دەستگیرکردنی سەرکردەکانیان، بافڵ تاڵەبانی وتی: "ئەمانەی روویانداوە لە سلێمانی رووداو نییە، هەر چالاکوانێکی سیاسیی لە هەرێم و عیراقدا هەیە، لە سلێمانی لەدایک دەبن. من دەڵێم بەڵگەی زۆر ڕوون لەسەر سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان هەیە و ئەگەر مەبەستتان ئامۆزاکەی منە (لاهور شێخ جەنگی)، دەمەوێت بڵێم، هەبوونی لایەنێکی سیاسیی و حیزبێکی خۆت، ناتوانێت وات لێبکات لە دادگا ڕابکەیت. کاک لاهوور و گروپەکەی، چەندین بەڵگەی گەورەیان لە دژ هەیە و ناتوانن ساختە بکرێن و لە خۆیەوە دروستبکرێن. باسی دانپێدانان ناکەین، باسی درۆن، هارد درایڤ، ناسنامە و چەک و چەندین بەڵگەی دیکە دەکەین."

"خوودی وشەکانی کاک لاهوور کە وتی من میلیشیام هەیە و تا مردن شەڕ دەکەم بەڵگەن بۆ ئەمە، چونکە کە تۆ سەرکردەی سیاسیی بووی مانای ئەوە نییە تۆ لە سەرووی یاسایت، مانای ئەوە نییە دەتوانیت سەرکردەی  سیاسیی بکوژیت، بەڵکو هیچ شتێک لە یاسا رزگارت ناکات." بافڵ تاڵەبانی وای وت.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش دەڵێت: وتومە پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ دوادەکەوێت هەتا دەگەمە ئەو بڕوایەی کە بزانم جیاواز دەبێت لەوەی پێشتر. پرسەکە لەسەر سیستمە، ئایا کەس براوەی هەڵبژاردنە؟ نەخێر، ئەگەر نا ئێمە گفتوگۆمان نەدەکرد و حیزبی براوە حکومەتی پێکدەهێنا و بەردەوام دەبوو، دواتر پۆست و پلەی دەدا بە لایەنەکانی دیکە. بەڵام ئێستا کە هیچ لایەنێک بە ڕەها هەڵبژاردنی نەبردووەتەوە، مانای وایە دەبێت هاوپەیمانی پێکبهێنین. پێویستمان بە هاوبەشییە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هیچ شتێک رێگر نابێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام دەپرسم ئایا خوشک و برایانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبنە هاوبەشمان یان چاودێرمان؟ ئەگەر هاوبەشتان دەوێت؛ ببنە هاوبەش، مێژوو نیشانمان دەدات کە هەرکات پێکەوە کارمان کردووە، بەرەو پێشچووین و شەڕی قاعیدە و داعشمان کردووە، شەڕی دەستوورمان کردووە، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی یەکتر نین. پێویستمان بە هاوبەشی و پێکەوەکارکردن هەیە."

بافڵ تاڵەبانی پێی وایە، "نەبوونی دامەزراوە، یەکێکە لە کەمووکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەمان هەبووە بەڵام بە شەخسی کاری تێدا کراوە، من حەزم لەوە نییە و دەمەوێت هەوڵبدەین هاوبەشی یەکتر بین و دامەزراوەمان هەبێت."

"ئەوەی نامانەوێت بیکەین ئەوەیە، نامانەوێت واژۆ لەسەر وەرەقەیەک بکەین کە دڵنیا نەبین لە بەرژەوەندی ئێمەدایە. لە کۆتا رێککەوتندا و پرسی نەوت، دەڵێم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستکەوتێکی زۆر باشبوو، پێکەوە کارکردنم پێ باشە." بافڵ تاڵەبانی وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، "زۆریش گەشبینم بە هەڵبژاردن و قۆناغی دواتریش، بەڵام نیگەرانی بەشداریکردنم لە هەڵبژاردنەکان، راستە هەندێک لە ناوچەکان لایەنێک دەنگی زیاتری هێناوە، ئەمە لە ئەمریکاش ڕوودەدات و ساختەکاری تێدا دەکرێت. بەڵام بابەتەکە ئەو بڕە پارە زۆرەیە کە خەرج دەکرێت، بۆ ئەوەی کەسێک هەوڵبدات دەنگ بکڕێت. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەک دۆلاری لە هیچ وڵاتێک نە وەرگرتووە و نە وەردەگرێت، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت."

وتیشی: "بۆیە خەڵک دەنگ نادەن، چونکە عێراقییەکان خۆشحاڵ نین بە کارەکانی حکومەت. عێراق پێویستی بە جووڵەیەکی نیشتیمانی هەیە کە سەربەخۆ بێت لە هەر هەژمونێکی دەرەکی، دەبێت بڕیارە سیاسییەکان سەربەخۆ بێت و لەناوخۆدا بڕیار بدرێت. ئەگەر ئەمە ڕوویدا، دواتر هەموو شت باشتر دەبێت."

سەبارەت بە بوونی هێزی چەکدار، سەرۆکی یەکێتی دەڵێت: ئێمە گروپ و لایەنی چەکدارمان نییە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی 70 و 80 دانپێدانراون و هیچیان لە دەرەوەی حکومەتدا نیین. سەرجەمیان راهێندراون لە لایەن هاوپەیمانانەوە".


PM:05:16:07/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت