عەممار حەکیم: رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کلیلی چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە
وێستگەنیوز_
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری میری رایگەیاند، عێراق توانی چەندین ئاڵنگاری قورس تێپبەڕێنێت و بگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا و هەنگاوی جددی نراوە بۆ پێشکەوتن. دەشڵێت: " رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کلیلی چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە".
عەممار حەکیم رایگەیاند، 20 ساڵی رابردووی عێراق پڕبوو لە قەیرانی ئابووری، سیاسیی، پەیوەندیی هەرێمی و لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستیش. ئەم هەڵبژاردنەی دەکرێت بنەمایەک دادەنێت بۆ سەقامگیری بەردەوام و دەمانباتە قۆناغێکی نوێوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەند دەوڵەت بەهێزبێت، دەستوەردانی دەرەکی کەمتر دەبێت و رێگر دەبێت لە دابەشکاری. ئیستاش بەراورد بە ڕابردوو، دەستوەردانی دەرەکی زۆر کەمترە لەسەر پرۆسەی سیاسی و ناوخۆی عێراق.
بە وتەی عەمار حەکیم، ئەو هێز و لایەنانەی کە هێزیان هەیە، ئێستا لیست و لایەنی سیاسییان هەیە. پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هانیات دەدات بۆ خۆگونجاندیان لەگەڵ سیستمی سیاسی عێراق.
وتیشی: دەستوور بەڵێننامەیەکی کۆمەڵایەتییە و گوزارشت لە ویستی عێراقییەکان دەکات. دەبینین لایەنەکان تەنها باسیان لە بەرژەوەندی خۆی دەکرد، دەبێت هەموو هاوبەشێک بیربکاتەوە کە ئایا چی دەبەخشێت بە لایەنی بەرامبەری و پێکەوە کار بکەن و پابەندی مافەکان بن، ئێستاش سەقامگیری ئابووری و ئەمنی عێراق دوای 20 ساڵ، هۆکارێکی باشن بۆ ئەوەی دووبارە وابکەین تەماشای دەستوور بکەینەوە و بزانین ئایا پێویست دەکات هەندێک بڕگەی دەستوور هەموار بکەینەوە بۆ ئەوەی کارکردنمان پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان پتەو تر بکەین.
باسی لەوەشکرد، خولی داهاتووی پەرلەمان دەتوانن هەندێک یاسای نوێ دەربکەن و ئاراستەی عێراق بگۆڕن و بگەینە قۆناغێک کە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت، چونکە هێشتا دەستوورمان بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە تا بزانین کەموکوڕییەکانمان چییە.
عەمار حەکیم دەڵێت: "پێویستە لە کەرتی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، رۆڵەکان تەواوکەری یەکتر بن لە نیوان هەردوو حکومەتدا. دەتوانین بڵێین کلیلەکانی یاسای نەوت و غاز بەردەست بوون و ئێستا ئاسانتر دەتوانین یاساکە دەربکەین، چونکە بەرژەوەندی هەردوولای لەبەرچاو گرتووە و دیدگای هاوبەشی دروستکردووە، پێشکەوتنی بەرچاو هەیە لە نێوان هەردوولادا و چەندین گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. نەوتیش کلیلی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەر عێراقیش نییە بەڵکو وڵاتە زۆر بەهێز و دیموکراسییەکانی جیهانیش دیدگای جیاوازیان هەیە و هەوڵی چارەسەری دەدەن، ئەوەی گرنگە ئەم ناکۆکیانە نەبنە هۆکاری بڕینی مووچە و کاریگەربن لەسەر دۆخی خەڵک."
بە وتەی سەرۆکی رەوتی حیکمە، هەرێمی کوردستان پارێزگایەک نییە و دەسەڵاتی خۆی هەیە، رێژەیەکی بوودجەی گشتی بۆ تەرخان دەکرێت.
PM:04:16:07/10/2025
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت