مەسرور بارزانی: ئەگەر بڕوابەخۆبوونی جووتیاران و ئەم گەلە نەبووایە، ئێستاش چاومان لەوە بوو خەڵک بێت نانمان بداتێ


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر بە پێداگری و متمانەبەخۆبوونی گەلەکەمان نەبووایە، ئەستەم بوو بگەینە ئەم قۆناخە لە پێشکەوتن". 
 
لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا؛ مەسرور بارزانی لە تێدئێکس نیشتمان وتی، "هەموو لایەک هەوڵیان دا پاشگەزمان بکەنەوە و ئاستەنگ و ئاڵنگاریی زۆریان دروستکرد، بودجەیان بڕی، کێشەی سیاسی و ئەمنییان بۆ دروستکردین، بەڵام توانیمان رووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە و نەک تەنیا ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین، بەڵکو هەنگاو بەرەو ئایندەی گەشتر بهاوێژین و لە چەندین بواردا توانیمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین".
 
هەروەها داوای لە گەنجان کرد "وڵاتەکەی خۆیان خۆشبوێت" و وتی: "کاتێک هاتمە ئێرە دوو گەنج رێگەیان لێگرتم وتیان 'دوو ئامۆژگاریمان بکەیت چی دەڵێیت؟ منیش پێم وتن، وڵاتەکەتان خۆشبوێت و بڕواتان بە خۆتان هەبێت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزێکی نامۆ هەیە هانی گەنجان دەدات روو لە هاندەران بکەن و وڵاتی خۆیان جێبهێڵن، بڕوایان بە وڵاتیان نەمێنێت. پەیامم بۆ ئەو کەسانەش کە ئەو کارە دەکەن: گەنجەکانمان زیاتر لە هەموو کەسێک زیاتر قەدری ئەم خاکە دەزانن، چونکە دەزانن بست بە بستی ئەم خاکە شوێنی شەهیدەکانمانە و بست بە بستی ئەم خاکە پیرۆزە".
 
سەبارەت کەرتی کشتوکاڵ، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "کارێکی وامان کرد جووتیارەکانمان جارێکی دیکە بۆ زەوییەکانیان بگەڕێنینەوە و بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان بە ئاستێک بگەیەنین، بۆ دەرەوەش هەناردەی بکەین. بۆ یەکەم جار بەرهەمی کوردستان بۆ دەرەوە هەناردە کراوە و ئەمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە و بەردەوامیش دەبێت".
 
جەختیشی کردەوە لەوەی، "ئەگەر بڕوابەخۆبوونی جووتیاران و ئەم گەلە نەبووایە، هەر چاومان لەوە بوو خەڵک بێت نانمان بداتێ. ئێستا کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک، هیوامان وایە ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو ناوچەکە".
  
ئاشکراشی کرد، بەشێکی دیکەی دەستکەوتەکانی ئەم حکومەتەیە، رێگەکان بە ئاستێکی نێودەوڵەتی دروستکراون. دروستکردنی رێگەی خێرا لەنێوان شارە گەورەکان و لەنێو شار و شارۆچکەکانیش کاری باش کراوە و هیوادارم هاوڵاتیان هەم سوودمەند بن و هەمیش پابەند بن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ. ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە و کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبین.


PM:06:31:05/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو