کۆمەڵی دادگەریی: دژی بەكارهێنانی سەروەرت و سامانی گشتیین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، لە شاری هەولێر سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.


بەپێی راگەیەندراوی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بێت، لە كۆبوونەوەكەدا سەركردایەتیی حزبەکە ‏هەڵوەستەی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كرد:‏

‏1- سەركردایەتیی كۆمەڵ بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئابووری و دارایی ‏خەڵکی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، بەتایبەت دواخستنی ناردنی (120 ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ كە بووەتە هۆی دواكەوتنی مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی دواتری مووچەخۆران کە بێجگە لەوەی ستەمە لە مووچەخۆران بووەتە هۆی خراپیی دۆخی بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵکیش بەشێوەیەکی گشتی.

‏2- سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی هیوای خواست هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ‏عێراق لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و هەموو لایەنەكان پابەندی یاسا و رێنماییەكانی ‏كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بن و هەڵمەتێكی ئارام بەڕێوە بەرن.‏

‏3- كۆمەڵی داگەریی كوردستان دژی بەكارهێنانی سەروەرت و سامانی گشتییە بۆ بانگەشە ‏لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە، پێی وایە ئەمە دوو جار ستەمە لە خەڵكی كوردستان، ‏جارێك خراپ سوودوەرگرتن و جارێكیش بەكارهێنانی ماڵ و دارایی گشتیی بۆ ‏چەواشەكردنی دەنگدەران.

‏4- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) لە هەفتەی ‏ئایندەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆی بە فەرمی دەست پێ بكات، بۆیە داوا لە ئەندام و ‏لایەنگرانمان دەكەین بە گیانێكی مسوڵمانانە و نیشتمانییانە هەڵمەتی ‏بانگەشەی لیستی (285)ی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەڕێوە بەرن.‏

‏5- سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات ‏هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەرفەت بزانن بۆ سزادانی ئەوانەی ‏نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیان بۆ بەرژەوندیی حزبی خۆیان بەكار هێناوەو لە ساڵانی ‏ڕابردوودا نەیانتوانیوە مووچە و مافە دارایی و ئابووری و نیشتمانییەكانی خەڵكی ‏كوردستان دەستبەر بكەن.‏

6- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پشتگیری لە هەر رێككەوتنێك دەكات ببێتە هۆی لادانی ‏ستەم لەسەر گەلی فەڵەستین و دابنیكردنی مافە رەواكانیان.‏


PM:06:02:04/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت