وێستگه‌نیوز هۆكاری دواخستنی دابه‌شكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی كه‌مده‌رامه‌تان ئاشكرا ده‌كات
وێستگه‌نیوز -
هۆكاری دواخستنی دابه‌شكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر كه‌م ده‌رامه‌تاندا، كه بڕیاربوو له 25ی ته‌مموزی 2025 ناوه‌كانیان رابگه‌یه‌نرێت، نه‌بوونی بودجه‌ی پێویسته بۆ ته‌واوكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی.
به‌رهه‌م قه‌ره‌داخی، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان، به وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، هۆكاری دواخستنی دابه‌شكردنی ئه‌و یه‌كه نیشته‌جێبوونانه، گوایه خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌واو نه‌بووه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر نه‌داوه و ناتوانێت بودجه‌ی پێویستی بۆ دابین بكات، بۆ ته‌واوكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی.
وتیشی: "ئێمه داوامان له وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن كردووه و چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵی دانیشتووین و به‌ڵێنی داوه، به زووترین كات ناوه‌كان رابگه‌یه‌نن".
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان باس له‌وه ده‌كات كه داوایان له حكومه‌ت كردووه، كه "زۆرترین یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون له شاره‌كاندا دروست بكات، تاكو زۆرترین خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت سوودی لێ ببینن، یان ئه‌و پڕۆژه زۆرانه‌ی كه ته‌واو نه‌كراون، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگای لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه، هه‌وڵبدات ئه‌و پڕۆژانه ته‌واو بكات".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، باشترین شێواز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كرێنشینان ئه‌وه‌یه، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشه‌كی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ كه‌م بكاته‌وه و خۆی یارمه‌تی كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌كان بدات و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ست بداته یه‌كه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت جێبه‌جێی بكات، تاكو ئه‌رك له‌سه‌ر ئه‌وان كه‌م ببێته‌وه و بتوانن نرخی یه‌كه‌كانیان دابه‌زێنن و پێشه‌كییه‌كانیان لابه‌رن".
به‌وته‌ی به‌رهه‌م قه‌ره‌داخی، له‌ئێستادا زیاتر له 200 هه‌زار كرێنشین له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، 25%ی له هه‌ولێره و 20%ی له دهۆكه و 17% له سلێمانیه.
بڕیاروابوو 25ی 7ی 2025، ناوی ئه‌و هاوڵاتیانه ڕابگه‌یه‌نرێت كه یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون وه‌رده‌گرن، دواتر وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن گشتاندنێكیان كرد، كه گوایه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دواخراوه.
PM:07:21:01/10/2025
ئه‌م بابه‌ته 272
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت