فڕۆكەخانەكانی عێراق: ئەگەر گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی كێشەی یاسایی تێدا بێت؛ ڕەتدەكرێتەوە


وێستگەنیوز_

نووسراوێك لە سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراقەوە، بە ڕەزامەندی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێردراوە بۆ لایەنەكانی پەیوەندیدار، بەمەبەستی گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی، بۆ 'فڕۆكەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی'، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

نووسینگەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە وێستگەنیوزی راگەیاند، كە نووسراوەكە بەدەستيان گەیشتووە و ڕەزامەندیيان لەسەری داوە.

لەلایەن خۆیەوە ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی فڕۆكەخانەكانی عێراق، تایبەت بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، نووسراوەكەمان پێ‌ گەیشتووە و ئێمەش دوای ئەوەی ڕەزامەندی خۆمان لەسەر بڕیارەكە دەربڕی، نووسراوەكەمان نارد بۆ دەسەڵاتدارێتی فڕۆكەوانی مەدەنی.

ئاشكراشی كرد، لەئێستادا دەسەڵاتدارێتی فڕۆكەوانی مەدەنی، بڕیار لەسەر نووسراوەكە دەدات، بە ڕەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی یان ڕەتكردنەوەی.

وەك ئەو بەرپرسە بۆ وێستگەنیوز باسی كرد، بریاری كۆتایی لای دەسەڵاتدارێتی فڕۆكەوانی مەدەنییە و ئەگەر پێشیلی یاسایی تێادا بێت، بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی ڕەتدەكرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دامەزراوەی 'سەرۆك جەلال تاڵەبانی' بڵاوی کردووەتەوە، "لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەگۆڕدرێت بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی". سەرۆكی دامەزراوەكەش دەڵێت: "دوای زیاتر لە چوار ساڵ هەوڵەكانمان بە ئامانج گەیشت و  سەرۆك مام جەلالیش وەك سەرۆكی وڵاتانی دیكە شایستەی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەك رێز لە خەبات و تێكۆشانی بگیرێت، ناونانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش بەناویەوە خزمەتێكی بچووكە بە مێژووی سەرۆك مام جەلال".

باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، رایگەیاندووە: "لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە بە گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، كە زیاتر لە چوار ساڵە هەوڵەكان لەوپێناوەدا بەردەوام بووە".


PM:06:35:30/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 1164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو