ژمارەیەک رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی بێ مەرجی شێروان شێروانی دەکەن


وێستگەنیوز_

ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە ناودارەکانی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەی میدیایی پەرەگراف لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن "دەستبەجێ و بێ مەرج شێروان شێروانی ئازاد بکات و کۆتایی بهێنێت بە خراپ بەکارهێنانی یاسا بۆ بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان."

ڕێکخراوەکان داوای "ڕێزگرتن لە پابەندبوونی حکومەت بە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا" دەکەن لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ پاراستنی سەلامەتی و سەربەخۆیی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

"خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسانی وه‌ک شێروانی پێشێلکارییەکی گەورەیە بۆ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و زیان بە پابەندبوونى یاسایی خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دادپەروەریی دەگەیەنێت. دۆسییەکەی شێروان ڕەنگدانەوەی دابەزین و کاڵبوونەوەی ڕوون و مەترسیداری ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەنگە ناڕازییەکان تادێت کپتر دەکرێن" ڕاگەیەندراوەکە وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە دەستبەجێ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئازاد بکات و کۆتایی بە هەراسانکردنی دادوەری بهێنێت

ئێمەی ڕێکخراوەکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە لە خوارەوە واژومان کردووە، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین دەستبەجێ و بێمەرج ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئازاد بکات کە بە نادادپەروەری و بەهۆی کاری ڕۆژنامەنووسییەوە و لە ڕێگەی هەراسانکردنی دادوەریی سیستەماتیکەوە لە گۆشەی زینداندا هێڵراوەتەوە بە ئامانجی کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەگەریی ڕەخنەگرانە.

ڕۆژی 20ی ئابی 2025، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکەی بەسەر شێروانیدا سەپاند، ئەوەش سێیەمی سزایەتی لە ساڵی 2021ەوە، هەریەکەشیان بە شێوەیەکی گشتی وەکوو تۆڵەسەندنەوەیەکی سیاسیی دەبینرێن لە دژی کارە ڕۆژنامەوانییە بێگەرانەکانی شێروانی لەسەر گەندەڵی و مافی مرۆڤ. تاکە "تاوان"ی شێروانی پراکتیزەکردنی ڕۆژنامەگەرییە.

لەسەرجەم قۆناغەکاندا، شێروانی بێبەشکراوە لە سەرەتاییترین ماف و ڕێکارە یاساییەکان، بۆ نموونە بەرگریی دادپەروەرانە و دادگاییکردنێکی بێلایەنانە. چەوساندنەوەی یاسایی شێروانی لە ساڵی 2021 بە سزای شەش ساڵ زیندانی دەستیپێکرد، دواتر لە مانگی تەممووزی 2023دا و بە تۆمەتی ساخته‌کاریی ناڕوون سزایەکی دیکەی بەسەردا سەپێنرا. دوایین سزای لە ساڵی 2025دا بوو لەسەر بنەمای ئیفادەی چەند شایەتەحاڵێکی دژبەیەک و کۆمەڵێک تۆمەتی پشتڕاستنەکراوە. چاودێرانی یاسایی جەختیان لە ناڕوون و لاریی ڕێکارەکان و نەبوونی شەفافیەت و بوونی کەشێکی ترس و تۆقاندن کردووەتەوە لەکاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا کە هەر لە بنەڕەتدا نادادپەروەرانە بەڕێوەچووە.

خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسانی وه‌ک شێروانی پێشێلکارییەکی گەورەیە بۆ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و زیان بە پابەندبوونى یاسایی خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دادپەروەریی دەگەیەنێت. دۆسییەکەی شێروان ڕەنگدانەوەی دابەزین و کاڵبوونەوەی ڕوون و مەترسیداری ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەنگە ناڕازییەکان تادێت کپتر دەکرێن.

ئێمە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە:

* دەستبەجێ و بێمەرج شێروان شێروانی ئازاد بکات و خۆی بەدووربگرێت لە بەرهەڵستیکردنی هەر تانەیەک کە لە بڕیاری دادگا دەدرێت.
* کۆتاییهێنان بە خراپبەکارهێنانی یاسا بۆ بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو ڕێکارە یاساییەکان یەکناگرن لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەری و شەفافیەت.
* ڕێزگرتن لە پابەندبوونی حکوومەت بە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ پاراستنی سەلامەتی و سەربەخۆیی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

بەردەوامیی زیندانیکردنی شێروان شێروانی زیانێکی گەورە بە ناوبانگی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان وه‌ک هەرێمێکی پابەند بە بنەما دیموکراتییەکان دەگەیەنێت، بۆیە داواتان لێدەکەین هەنگاوێکی خێرا و کردەیی بگرنەبەر بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم بۆچوونەوە، و هەروەها پابەندبوونتان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و کەرامەتی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دووپات بکەنەوە.

واژووکراوە لەلایەن:

1. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)
2. ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور (RSF)
3. تیمەکانی ئاشتیخوازیی کۆمەڵگا (CPT)
4. پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژنامەگەری (IPI)
5. گرووپی مافەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA Rights Group)
6. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان
7. ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا و میدیا
8. پەیمانگای مافە نێودەوڵەتییەکان (IRI)
9. ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان
10. کۆمەڵەی داکۆکی لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە عێراق (PFAA)
11. کۆمەڵەی عێراقی بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان
12. ئەکتیڤ وۆچ
13. ڕێکخراوی هیومەنە بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەشداریکردنی مەدەنی
14. دامەزراوەی میدیایی بەرەگراف
15. دیموکراسی بۆ جیهانی عەرەبیی ئێستا - DAWN
16. دامەزراوەی INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان
17. تۆڕی مافی کارتۆنیستە نێودەوڵەتییەکان
18. دەستپێشخەری میسری بۆ مافە کەسییەکان (EIPR)


PM:02:41:24/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو