دیزاینێكی نوێ بۆ پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێگای دووسایدی (دوكان – چوارقوڕنه) كرا
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ شه‌ممه كۆمپانیای گه‌ردین گروپ له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا زانیاری ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێگای دووسایدی (دوكان – چوارقورنه) به‌درێژی 38 كیلۆمه‌تر خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند كه "پڕۆژه‌ی دروستكردنی دووسایدی (دوكان – چوارقوڕنه) له‌ساڵی (2009) ده‌رخسته‌و دیزاینی بۆ كراوه، درێژی رێگاكه له‌وكاته‌دا (53.5) كیلۆمه‌تر بووه و پانییه‌كه‌شی (8.5) مه‌تر بووه بۆ ھه‌ر سایدێك".
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه كه "جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه دابه‌شكرابوو به‌سه‌ر 3 قۆناغدا. قۆناغی یه‌كه‌م (18.5) كیلۆمه‌تر بوو، كه له‌وبه‌شه‌دا گه‌ردین گروپ به‌شێوه‌ی (جۆینت ڤێنچه‌ر) كاری تێدا كرد و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازیاریی ته‌واومان كردووه و تاكه كۆمپانیا بووین كه توانیومانه پڕۆژه‌ی ستراتیجی له‌بواری رێگاوبان له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ته‌واو بكه‌ین به‌ھه‌موو ناله‌باریی باردۆخی داراییه‌وه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "درێژی قۆناغی دووه‌م (25) كیلۆمه‌تر بوو، كه له ساڵی 2013دا سپارده‌ی كۆمپانیاكی دیكه كرا، به‌ڵام كۆمپانیاكه ته‌نها رێژه‌ی (20%)ی كاری فیعلی له پرۆژه‌كه‌دا ئه‌نجامدا و كاره‌كانی راگرت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "قۆناغی سێیه‌م كه ئاڵۆزترین و قورسترین قۆناغی پرۆژه‌كه بوو به درێژایی (10) كیلۆمه‌تر به‌ڵام ته‌نده‌رینی بۆ نه‌كراوه و ھیچ كارێكی تێدا ئه‌نجام نه‌دراوه".
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه كه "گه‌ردین گروپ به ھۆی شاره‌زایی و ئه‌زموونی له جێبه‌جێكردنی كاره ئه‌سته‌م و ئاڵۆزه‌كاندا، ھه‌روه‌ھا جێبه‌جێكردنی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێگای دووسایدی (دوكان – چوارقوڕنه) به سه‌ركه‌وتوویی، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووھه‌م و سێھه‌می پڕۆژه‌كه‌ی له مانگی ئابی 2025 به كۆمپانیاكه‌مان سپارد".
روونیشیكرده‌وه كه "كۆمپانیاكه‌مان ھه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه و به شێوازێكی خێرا ھه‌ستا به دووباره دیزاینكردنه‌وه‌ی رێگاكه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یه‌كێك له باشترین كۆمپانیاكانی پشكنینیمان ھێنا بۆ ئه‌نجامدانی پشكنینی سروشتی خاك و به‌ردی ناوچه‌كه، دواتر گه‌وره‌ترین كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ندمان ھێنا بۆ ئه‌ژماركردنی ژماره‌ی بارھه‌ڵگرو ئۆتۆمۆبیل كه به‌ڕێگاكه‌دا ھاتووچۆ ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی زانینی لۆدی سه‌ر رێگاكه، ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كه‌م جاره ئه‌و ئه‌ژماركردنه به‌و ورده‌كارییه به‌رزه ئه‌نجام بدرێت بۆ رێگای ده‌ره‌وه‌ی شار، پاشان یه‌كێك له باشترین كۆمپانیا باوه‌ڕپێكراوه‌كانی بواری دیزاینكردنی رێگاوبانمان ھێنا، كه به ستافێكی شاره‌زا و به‌ئامێری پێشكه‌وتوو له زه‌وی و ئاسمانه‌وه به دوو جۆر درۆنی پێشكه‌وتووی تایبه‌تمه‌ند، كاری دیزاین و رووپێوی بۆ ھه‌ردوو قۆناغه‌كه كرد. ده‌ره‌نجام دیزاینێكی نوێ بۆ پرۆژه‌كه ئاماده‌كرا، به پێی دیزاینه نوێیه‌كه رێگاكه تاسهنتهری قه‌زای دوكان درێژكراوه‌ته‌وه‌و (3) كیلۆمه‌تر خراوه‌ته‌وه سه‌ر به‌شه‌كانی تر و كۆی درێژی قۆناغی دووھه‌م و سێھه‌می پرۆژه‌كه بووه به (38)كیلۆمه‌تر".
گه‌ردین گروپ ده‌ڵێت: "له‌وبه‌شه‌ی قۆناغی دووھه‌م، كه درێژیه‌كه‌ی (11) كیلۆمه‌تره چه‌ند به‌شێكی كه‌م و له‌چه‌ند بڕگه‌یه‌كی كه‌م كاری تێداكرابوو، كۆمپانیاكه‌مان ناچاره به ته‌واوكردنی كاره ته‌واو نه‌كراوه‌كانی پڕۆژه‌كه به‌پێی دیزاینه كۆنه‌كه".
ده‌شڵێت: "به‌شه‌كه‌ی تری رێگاكه به‌درێژی (27) كیلۆمه‌تر كه كاری تێدانه‌كراوه له قۆناغی (دووھه‌م و سێھه‌م)، دوای ئه‌وه‌ی دووباره دیزاینمان كردۆته‌وه به‌ھۆی زیادبوونی ژماره‌ی ئۆتۆمۆبیل و بوونی لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه، پانی ھه‌ر سایدێك كراوه‌ته (27) مه‌تر و سێ چین قیر و ئه‌ستوری چینه‌كانی قیریش بۆ پرۆژه‌كه زیادكراوه، ھه‌روه‌ھا رێڕه‌وی رێگاكه له‌چه‌ند شوێنێك ئاڕاسته‌كه‌ی گۆڕدراوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت له‌گه‌ڵ ره‌وشه ئه‌ندازه‌ییه‌كانی رێگاوبان بگونجێنرێت و ھاووڵاتیان به ئاسایی به‌كاریبھێنن".
ئاشكراشیكردووه كه "لهڕێگاكهدا به بڕی چه‌ندین ملیۆن مه‌تر سێجا كاری بڕین و پڕكردنه‌وه ئه‌نجامده‌درێت، ھاوكات له دیزاینه نوێكه‌دا چه‌ندین پرد و ئاوباره‌ی سندوقی و لوله‌یی و شوێنی په‌ڕینه‌وه‌ی مه‌ڕوماڵات و چه‌ندین (interchange) زیادكراوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی گۆڕینی ئاڕاستهكان ھیچ رووداوێكی ھاتووچۆ روونه‌دات.ھه‌روه‌ھا چه‌ندین رێگای لاوه‌كی و گونده‌كان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه قیرتاو ده‌كرێت".
راشیگه‌یاندووه كه "سه‌رباری ھه‌موو ئه‌وانه و به‌مه‌به‌ستی جوانكاری و سه‌لامه‌تی بۆ ھاتووچۆی ھاوڵاتیان، جێگیركردنی ھێماكانی ھاتووچۆ دیزاینكراوهتهوه، ھه‌روه‌ھا شانی رێگاكه لهھهردوولاوه قیر ده‌كرێت و له‌و شوێنانه‌ی گومانی ھه‌بوونی ئاژه‌ڵی كێوی ده‌كرێت، سیاج له ته‌نیشتی رێگاكه دروست ده‌كرێت، ھه‌روه‌ھا نێوانی ھه‌ردوو سایده‌كه به (نیوجێرسی باریه‌ر) جیاده‌كرێته‌وه".
راشیگه‌یاندووه كه "بوونی ئه‌و ھه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه زانستیانه له دیزانه نوێیه‌كه‌دا وا ده‌كات پرۆژه‌كه ببێته یه‌كه‌م رێگا له كوردستان، كه ھه‌موو ستاندارده جیھانییه‌كانی رێگایه‌كی ھاوچه‌رخ و سه‌لامه‌تی تێدا جێگیر بكرێت. ھه‌ربۆیه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه كۆمپانیاكه‌مان به شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌و كرداریی كار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه ده‌كات به ھه‌موو ورده‌كاریه‌كانیه‌وه به‌دوور له ھه‌موو بابه‌تێكی تر".
گه‌ردین گرووپ ده‌شڵێت: "له‌ئیستادا كۆمپانیاكه‌مان توانیویه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئامێری تایبه‌ت به‌كاركردن له پێگه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا ئاماده‌بكات و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی دووكارگهی قیری دیجیتاڵی و سێ كهسارهی دروستكردنی باشترین مه‌وادی پڕۆژه‌كه ئاماده‌ن و به‌بوونی ستافی شاره‌زا له‌بواری (خۆڵكاری + قیرتاوكردن + كارهكۆنكریتیهكان) و به‌كارهێنانی پێشكه‌وتوترین فاریشه به بوونی سێنسهرو مه‌ڵتی پڵێكس ولهیزهر".
PM:03:47:20/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 760
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت