شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەستپێدەکات


وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییان دەکات تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری شارەوانیی سلێمانی.


ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلولی 2025، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیک بوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییان شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ (ماوەی هەفتەیەک)".

ئاماژە بەوەکراوە، "سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردووەتەوە تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە".

لە ئاگادارییەکەدا ئەوەش هاتووە، "هاوڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینی، رێکەوتی 20ی ئەیلولی 2025، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت و لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت وە ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن".

شارەوانیی سلێمانی داواکارە لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکاریان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سوودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتییان دەبێت.

شارەوانی سلێمانی دەڵێت، "هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە مۆبایلی 07719914460، هەروەها شوێنی شەلتەرەکە لە رازیانە، نزیک بازگەی عەربەتە".


PM:02:26:19/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو