ئەندامێکی پارتی: پێدەچێت پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
وێستگەنیوز-
ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێدەچێت پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوەشدەکات، پرسی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلولی 2025، وەفا محەمەد، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "پرسی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە لە نێوان یەکێتی و پارت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێدەچێت پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەشوهەوای سیاسی هەرێم شایەتحاڵی چەندین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بووە، بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا پەرلەمانی کوردستان کارابکرێت، بەڵام بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە بووەتە هۆی دواخستنی ئەو وادەیە".
باسی لەوەشکردووە، "هەندێک لایەن رایان وایە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت هاوکات بێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا، بەجۆرێک هەموو پۆست و داخوازییەکان لە چوارچێوەی یەک پاکێجدا یەکلایی بکرێنەوە، ئەمەش وا دەخوازێت پارتی دیموکرات رێز لە رای یەکێتی بگرێت لەو ڕووەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی بۆشایی دەستووری یان حکومی".
بەپێی ئەو وادەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دیاریکردووە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
PM:10:31:17/09/2025
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت