رێبوار ئەوڕەحمان: پارتی و یەکێتی نایانەوێت نەوت رادەستی بەغدا بکەن


وێستگەنیوز_

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لەبارەی نەناردنی مووچەوە دەڵێت، ئەنجومەنی دەوڵەت داوای زانیاری دەکات لەسەر داهاتی هەرێم بەڵام گرفتە گەورەکە لەسەر نەوتە و پارتی و یەکێتی نایانەوێت رادەستی بەغدای بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئەیلولی 2025، رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "پارتی و یەکێتی سوود لەم بارودۆخە دەبینن، نەوت بەقاچاخ دەفرۆشن و داهاتەکەی بۆ خۆیانە".

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق رازی بووە کۆمپانیا نەوتییەکان لەبری شایستەی دارایی بڕێک نەوت بۆ خۆیان هەڵبگرنەوە بەڵام پارتی و یەکێتی نایانەوێت رادەستی بەغدای بکەن و هەتا ئێستا رازی نەبوون و ئامادەنین نەوت رادەست بکەن.

وتیشی، "دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم زۆر خراپە و پێویستە پارتی و یەکێتی نەوت و داهات رادەست بکەن و کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و ئەگەر دوای پابەندبوونی هەرێم عێراق مووچەی نەنارد ئەوکات هەمووان بەغدا بە تاوانبار دەزانین".

باسی لەوەشکرد، نەوەی نوێ لە بەغدا بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم چەندین پڕۆژەی پێشکەشکردووه کە تەوتینی مووچە یەکێک بوو لەپڕۆژەکان و "لەناو پەرلەمان واژۆمان کۆکردەوە تەنانەت شاسوار عەبدولواحید خۆی سەردانی سودانی کرد و پڕۆژەی تەوتینی مووچەی پێشکەشکرد".

ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی و یەکێتی لەبەغدا جگە لە وەرگرتنی پۆست و پلە و بەرژەوەندی خۆیان هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ هەرێم نەبووە و تائێستا لەسەر مادەی 140 و پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە کورد هیچ هەڵوێستیان نەبووە."


PM:09:46:16/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت